کاتی یەکخستنی خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان ئاشکراده‌كرێت

عیراق

12/11/2022‌ 10042 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی په‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایکرد، لەسەرەتای ساڵی 2023وە پێشنیازی یەکخستنی پەیکەربەندی خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان لەئەنجومەنەکە دەخرێتە بەرباس‌و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.


موزیڕ کورەی لەلێدوانێکدا بەپێگەی "مەعلومە"ی ڕاگەیاند، "جیاوازییەکی گەورە لەموچەی بەڕێوەبەرو فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتی عێراق‌و دەستەو دامەزراوە حکومییەکاندا هەیە، بەشێوەیەک پێویستی بەچاوپێداخشاندنەوەو دوبارە هەڵسەنگاندنەوە هەیە کە لەوەدا پشت بەپرەنسیپەکانی وەک ساڵانی خزمەت‌و پلەی وەزیفیی ببەستێت".

بەوتەی کوڕەوی، پێشنیازی یەکخستنی پەیکەربەندی خشتەی موچەی وەزارەتەکان لەسەرەتای ساڵی 2023 دەخرێتەڕوو، چونکە ئەو بابەتە پێویستی بەپێداچونەوە هەیە لەلایەن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ بەمەبەستی گەیشتن بەپرەنسیپی دادپەروەریی.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دیاریکردنی موچەی فەرمانبەران پێویستە بۆ هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق بەگوێرەی ئاڕاستەیەکی جێگیربێت‌و لەوەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی تر جیاواز نەبێت.

هەروەک ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەمیدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی بابەتی خشتەی موچەی فەرانبەران ڕێکدەخاتەوە.

باسی لەوەشکردبوو، پڕۆژەیاسای ئەنجومەنەکە لەپەرلەمانەو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.

لای خۆیشییەوە مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، نزیکەی 14 ساڵ بەسەر دەستکاریکردنی خشتەی موچەی فەرمانبەراندا تێپەڕیوەو پێویستە دەستکاریی خشتەکە بکرێت.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەدەستکاریکردنی موچەو ڕاستکردنەوەی پەیکەربەندییەکەی کارێکی پێویستە لەهەموو سیستمێکی کارگێڕیی‌و دارایی لەجیهاندا.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، موچەی ئێستای فەرمانبەرانی دەوڵەت 42%ی کۆی خەرجیی حکومەت پێکدەهێنێت، کە 50%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی لەخۆدەگرێت، ئەمەش مانای وایە موچە 20% لەکۆی بەرهەمی نێوخۆیی پێکدەهێنێت، ئەوەش بارگرانیی بۆسەر خەرجیی گشتی دروستدەکات.