ئێران هەڕەشەی هێرشكردنه‌وه‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

کوردستان

15/11/2022‌ 10771 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی به‌حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و به‌ڵێنه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێیداون جێبه‌جێنه‌كراوه‌، ده‌شڵێت:"لەئێستادا 1200 بارەگای سەربازیی لەهه‌رێمى كوردستان دژی ئێران لەچالاکیدان، بۆیه‌ ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوامدەبێت‌و بارەگاکانی ئەمریکاشمان خستۆتە ژێر چاودێرییەوە".


محەمەد باقری سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ڕایگەیاند، "لەبارەی باره‌گاى ئه‌و حزبه‌ كوردیانه‌ى له‌هه‌رێمى كوردستانن، مێژوی ئەوان دەگەڕێتەوه‌ بۆ ڕابردوو، کە بەیارمەتی ئەمریکاو دوژمنانی دیکەمان لەو سنورانە جێی خۆیان کردۆتەوە، بەڵام لەمساڵانەی کۆتاییدا بارەگاکان ئەوان گۆڕاوە بۆ دژایه‌تى ئاسایشی نیشتیمانی ئێران".

ئاشکراشیکرد، "لەئێستادا 1200 بارەگای سەربازیی لەباکوری عێراق دژی ئێران لەچالاکیدان‌، په‌یوه‌ندیشیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌و دوای بینینی هەندێک خول، ڕەوانەی وڵاتی ئێمە کراون تا دژی ئێران کردەی ئەمنیی ئەنجامبده‌ن کە لەماوەکانی ڕابردودا بارەگای یەکێک لەوانمان لەهەولێری پایتەختی هەرێم کردە ئامانجی چەند موشەکێک".

سەبارەت بەهۆشدارییەکانیشیان بۆ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم باقری دەڵێت، "بەرپرسانی هەرێم بەڵێنی زۆریان بەئێمەداوە کە ڕێگریی‌و بەربەست لەچالاکی ئه‌و حزبانه‌ى نیشته‌جێى هه‌رێم بكه‌ن، بەڵام لەکرداردا بێهیوایان کردین‌و ئێمەش بەپێی جارنامەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرگری لەخۆمان ڕێگە پێدەدەین".

سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەوەشیخستەڕوو، "ئێمە ئەوەمان بۆ هەرێم ڕونکردۆتەوە، یان دەبێ ئەم حزبانه‌ى دژی ئێران چەکداماڵراو بکەن یان لەسنورەکانیان دەریان بکەن، چونکە ئێمە ناتوانین تەحەمولی ئەوەبکەین 3000 هێز لەپشتی سنورەکانمان لەدژمان ببنە هەڕەشە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان".

سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشەکانی دوێنێی هێزە وشکانییەکانی وڵاته‌كه‌ى بۆسەر بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات جەخت لێکردەوەو ڕایگەیاند، "ئێمە ئەم هێرشانەمان بەڕەچاوکردنی پاراستنی کەسانی مەدەنی ئەنجامداوە لەگەڵیشیدا هەندێکجار ئەوەمان زانیوە ئەو حزبانه‌ لەناو هەندێک باڵاخانەدا کارگەی دروستکردنی بۆمبیان داناوە، بەڵام بۆ پاراستنی خه‌ڵكانى سڤیل ئه‌و شوێنانه‌مان نەکردوەتە ئامانجی هێرشەکانمان".

بەرپرسە باڵاكه‌ى ئێران لەبارەی بانگەشەی بەرپرسانی ئەمریکاش سەبارەت بەتەقاندنەوەو خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانیان لەسه‌ربازگه‌ى هەریر وتی، "ئێمە دەزانین بارەگای هەریرو تەنانەت هەولێرو دهۆکی ئەمریکیەکان لەکوێیەو چەند هێزیان تیایدا ئامادەو کۆکردۆتەوە، بەڵام بەگشتی ئەوانیشمان خستۆتە ژێر چاودێریەوە، ئەگەر لەمڕۆش بەدواوە ئەوان هەنگاو دژی درۆن‌و فڕۆکە بێفڕۆکەکانمان هاوشێوەی دوێنێ بگرنەبەر، بێوەڵامیان ناهێڵینەوەو ئەم کردە دژەی ئەوانیشمان بیرناچێتەوە".

هەڕەشەکانی بەپرسانی باڵای سەربازی ئێران لەدوای هێرشه‌کانیان لەدژی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەکاتێکدایە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لەڕاگەیەنراوێکی دوای هێرشەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا هێرشی موشەکی‌و درۆنی ئەمڕۆی وڵاتی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانە دەکات‌و داوا لەئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکەیی‌و خەڵکی عێراق بوەستێنێت.

ی.ن