بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا پێشبینیدەکات جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕوسیا درێژەنەکێشێت

جیهان

20/11/2022‌ 509 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا گەشبینی خۆی پیشانداوە لەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی تاوەکو ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەری ئەمساڵ بگەنە نیمچە دورگەی قرم، بەوشێوەیەش دەکرێت تاوەکو نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو جەنگی ئەو وڵاتە بەرەو کۆتایی بچێت.


ژەنەڕاڵ ڤۆلۆدیمیر هاڤریلۆڤ جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی "سکای نیوز"ی بەریتانی ڕایگەیاند، "واهەستدەم تاوەکو کۆتایی بەهارى ساڵى داهاتوو جەنگی وڵاتەکەمان لەگەڵ ڕوسیا کۆتایی دێت".

بەدوریشی نەزانیوە سوپای وڵاتەکەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە نیمچە دورگەی قرم کە لەساڵی 2014وە مۆسکۆ خستویەتییەسەر خاکی وڵاتەکەی.

دانی بەوەشداناوە کە لەڕوانگەی سەربازییەوە دەکرێت جەنگەکە زیاتر درێژەبکێشێت، به‌ڵام سوپای ئۆکرانیا پێویستی بەکاتە تاوەکو دەگاتە ئاستی کارامەیی تەواو، جگە لەوەی ڕوسیا هێزی نوێ دەهێنێتە ناو جەنگەکەوە، بەڵام کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان تەنها پەیوەستە کاتەوە.

ئەو بەرپرسە ئۆکرانییە پێشبینیكردوه‌، دەکرێت بەهۆی هاتنەپێشی ڕوداوێکی پێشبینینەکراوەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا بهێنرێت، بەلەبەرچاوگرتنی نائومێدبونی ڕوسیا لەئاڕاستەی جەنگەکە.