سودانی لێکۆڵینەوە لە بوونی "دەستدرێژیی سێکسی" دەکات لە گرتووخانەیەک

عیراق

21/11/2022‌ 432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە سەبارەت بە زیندانی فڕۆکەخانەی موسەننا ئەنجامبدەن، هاوکات ڕاوێژکاری مافی مرۆڤی ڕاسپارد کە سەردانی زیندانەکە بکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانییەکان ئەنجامبدات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی دەست نوسینگەی سەرۆکی حکومەت کەوتوون و ئەوەی لەلایەن میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە، سەبارەت بە زیندانی فڕۆکەخانەی موسەننا و زیندانەکانی دیکە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێکۆڵینەوە بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "سودانی ڕاوێژکاری مافی مرۆڤی ڕاسپاردووە کە سەردانی زیندانی فڕۆکەخانەی موسەننا بکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیانی ئەوێ ئەنجامبدات و بە زووترین کات ئەنجامەکانی بەرز بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت".

میدیای عێراق پێشتر کە ئاماژەی بە بوونی ئەشکەنجەدان و دابپێدانانی بەزۆر لە زیندانی فڕۆکەخانەی موسەننا کردبوو، لە باشووری عێراق.

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دادی عێراق ڕوودانی حاڵەتی ئەشکەنجەدانی لە زیندانەکانیدا ڕەتکردەوە، لەئەجامی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە باسی لە حاڵەتەکانی "توندوتیژی سێکسی" لە زیندانەکانی عێراقدا کردبوو.

ئەم ڕەتکردنەوەیە دوای ڕاپۆرتێک هات کە لە مانگی ئابی 2021 لەلایەن فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) بڵاوکرایەوە، لەژێر ناونیشانی "مافی مرۆڤ لە بەڕێوەبردنی دادپەروەری لە عێراق: مەرجە یاساییەکان و گەرەنتی ڕێکارەکان بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ"، ژمارەیەک حاڵەت کە بەڵگەی لەسەر کراوە و "بەردەوامیی ئەم کارە نیشاندەدات سەرەڕای ئەوەی یاساکان لە عێراق ئەشکەنجەدان بە تاوان دەزانن و گەرەنتی ڕێکارەکان بۆ ڕێگریکردن لێی دەدەن."

ڕاپۆرتەکە لە 1ی تەمووزی 2019 تا 30ی نیسانی ئەمساڵ دەگرێتەوە و لەسەر بنەمای ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ 235 دەستگیرکراو و هەروەها کارمەندانی زیندان و دادوەر و پارێزەر و کەسوکاری دەستبەسەرکراوان ئەنجامدراوە، نووسراوە.

نزیکەی نیوەی دەستگیرکراوەکان دەڵێن لە کاتی لێپرسینەوەدا ئەشکەنجە دراون بە ئامانجی دانپێدانان بەزۆر، گروپەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لەم کارە گرتووە و دەڵێن زۆرجار دەستگیرکراوەکان لە کۆتاییدا بەڵگەنامەکان واژۆ دەکەن کە دان بە تاوانەکاندا دەنێن لەکاتێکدا کە ئەنجامیان نەداوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە شێوازەکانی دەستدرێژیکردنەکان بریتین لە "لێدانی توند، تەزووی کارەبا، هەڵوێستی سترێس و خنکان" و "ڕاپۆرتی توندوتیژی سێکسی" هەبووە، هەندێک لە دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان بە چارەسەرکردن کردووە کە "ناتوانن باسی بکەن".

بەپەلە