نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی لەسێدارەدان لە ئێران و سعودیە دەکات

جیهان

22/11/2022‌ 133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە، "بەردەوامیی" تارانی لە توندوتیژیی دژی خۆپێشاندانەکان شەرمەزار کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد بە ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و لەبارەی سعودیەشەوە "نیگەرانیی" خۆی دەربڕی.


جێرمی لۆڕێنس، وتەبێژی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە جنێڤ ڕایگەیاند، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤ، ڤۆڵکەر تورک، پێیوایە زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی ئێران، لەنێویاندا گیانلەدەستدانی دوو منداڵ لە هەفتەی پێشوودا، وەڵامدانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکان، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دۆخەکە لە ئێرانزۆر خراپە.

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت "لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەخۆپیشاندەران کوژراون".

ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی کچە کوردی تەمەن 22 ساڵان لە 16ی ئەیلولی رابردوودا، بەهۆی ئەوەی گوایە جلوبەرگێکی "ناشایستە"ی لەبەر کردووە، ئێران ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەخۆیەوە دەبینێت.

عەرەبستانی سعودیە
سەبارەت بە سعودیە، وتەبێژی فەرمانگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە ١٠ی ئەم مانگەوە ١٧ پیاو لە سعودیە بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی لە سێدارە دراون و ئەو پرۆسەیەشی بە "جێگەی نیگەرانیی" وەسفکرد.

ئەلیزابێس ترۆسێل وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون، خەڵکی سوریا، پاکستان، ئوردن و سعودیەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی گشتی لەسێدارەدان لەمساڵدا لە سعودیە گەیشتووەتە ١٤٤ کەس.

حکومەتی ریاز لە ساڵی ٢٠٢٢دا دوو ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو ئەم سزایەی جێبەجێکردووە، بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کردووە، ئەمە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی بەرچاوی ئەم ڕێکارە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بە توندی ئیدانەی دەکەن.

لە ساڵی ٢٠٢٠ لە کاتی بەرزبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا ٢٧ کەس لە سێدارە دراون، لە ساڵی ٢٠١٩ش ١٨٧ فەرمانی لەسێدارەدان هەبووە.