بارودۆخی ئێران ئاڵۆزتر دەبێت و ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندەران لە هەڵكشاندایە

جیهان

22/11/2022‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بەلایەنی کەمەوە گەیشتووەتە ٤١٦ کەس، کە ٥١ کەسیان منداڵ و ٢٧یان ژنن تەنها لە هەفتەی ڕابردودا کوژرانی ٧٢ کەس پشتڕاست کراوەتەوە.


خۆپیشاندانەكانی ئێران تادێت ئاڵۆزتر دەبێت و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئاماژەدان بە کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارە کوردییەکان و پێش ئەوەش لە بەلوچستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەدواداچوون بۆ ئەو کردەوانەی ئێران بکەن.

ڕیکخراوەکە نوێترین ئاماری بڵاویکردەوە، ٤١٦ ناسنامەیان پشتراستکراوەتەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٢ کەس لە ئێران بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان کوژراون کە زیاتر لە ٥٦ کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

مەحمود ئەمیری  موقەدە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانڕایگەیاندووە، حوکەمەتی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک خەڵکی بێ دیفاعی لە ناوچەکانی بەلوچستان و کوردستان کوشتووە، ئەمەش نموونەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تا ئێستا کوژراوان لە ٢٥ پارێزگای جیاوازەوە تۆمارکراون و زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، سنە، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، تاران، مازەندەران و گیلان بووە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ڕیکخراوەکەیان گەیشتووە و تا ئێستا پشتڕاستی نەکردۆتەوە زۆر لەوە زیاترە. بۆیە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا بە زیاتر لە ژمارەی ئاماژەپێکراو مەزەندە دەکرێت هەربۆیە درێژە بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی دەدات.

س.س