ئەردۆ‌غان: تەوقەکردنم لەگەڵ سیسی دۆخی نێوانمان ئاساییدەکاتەوە

جیهان

22/11/2022‌ 667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
دوای یەکەم پەیوەندی دوو قۆڵی نێوانیان، ئەردۆغان دەڵێت تەوقەکردنەکەی لەگەڵ سیسی هەنگاوێکە بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تەوقەکردنەکەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر لە مەراسیمی کردنەوەی مۆندیالی 2022 لە قەتەر رۆژی یەکشەممە، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، هەنگاوی دیکەش بەدوای خۆیدا دێنێت.

ئەردۆغان وتی: "هیوادارم ئەو قۆناغەی لەنێوان ئێمە و لایەنی میسری دەستیپێکرد، دواتر لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاست بەرزەوە بگوازینەوە بۆ خاڵێکی باش."

ڕوونیشیکردەوە "تەنها داواکاریی ئێمە لە ئەوان (میسر) ئەوەیە کە بەو کەسانە بڵێن کە هەڵوێستی دوژمنکارانە لە دژی ئێمە لە دەریای ناوەڕاستدا دەگرنەبەر، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرقەرار بکەین".

سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کردنەوەی جامی جیهانی فیفا ڕۆژی یەکشەممە لە قەتەر تەوقەی لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی سەرۆکایەتی تورکیا.
بەرپرسێکی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە "یەکەم پەیوەندی دوو قۆڵی" نێوان هەردوو سەرۆکە.

لە وێنەکەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەو دوو سەرۆکە کە "پەیوەندییان لە دوای دەستبەکاربوونی سیسی لە میسر لە ساڵی 2014ەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی میسر تێکچوو، بە پێکەنینەوە تەوقەیان کردووە.