تورکیا هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی زەمینی دەکات، کوردیش خۆی ئامادە دەکات

جیهان

23/11/2022‌ 600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
هێزی ئاسمانی و تۆپخانەکانی تورکیا لە ڕۆژی یەکشەممەوە نزیکەی 500 ئامانجی کوردیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکردووە، ئەنقەرە دەڵێت خۆیان بۆ "ئۆپراسیۆنی زەمینی لەکاتی گونجاودا" ئامادە دەکەن و "ئەمە سەرەتایەکە".

ئەم هەنگاوانەی تورکیا نیگەرانیی قووڵی دروستکردووە بە ئاراستەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تورکیا و ڕژێمی سوریا.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئانادۆڵ، وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار، ڕایگەیاندووە "تاوەکو ئێستا 471 ئامانج کراونەتە ئامانج و 254 ئەندامی هێزە کوردییەکانیش کوژراون" لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی پێگەی شەڕڤانانی کورد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان دژی چەکدارە کوردەکان لە باکووری سووریا "تەنها سەرەتایەکە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنی زەمینی لەوێ "لە کاتی گونجاودا" دەستپێدەکات.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئامادەن ڕووبەڕووی "لەشکرکێشیی زەمینی تورکیا ببنەوە".

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە "لە ساڵی 2019ەوە خۆیان بۆ "داگیرکارییەکان"ی تورکیا ئامادە دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێمانوایە گەیشتوینەتە ئاستێک کە بتوانین هەر هێرشێکی نوێ پووچەڵبکەینەوە، لانیکەم تورکەکان ناتوانن زیاتر ناوچەکانمان داگیر بکەن و شەڕێکی گەورە ڕوودەدات.

ڕاپۆرتێکی ئەسۆشێتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکان گرژی لەگەڵ ڕژێمی سوریاش زیاتر دەکات، بەتایبەت کە ڕووسیا و ئێران بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە نێوەندگیریی دەکەن.

ڕووسیا ساڵانێکە پاڵپشتی ئاشتەوایی نێوان هاوپەیمانەکەی "سوریا و تورکیا" دەکات، کە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات، هەفتەکانی ڕابردوو نیشانە سەرەتاییەکانی ئەو نێوەندگیرییە بەدەرکەوتوون.

بەڵام ڕەنگە ئەم پێشکەوتنە بکەوێتە مەترسییەوە دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەدا گرژییەکان لەنێوان تورکیا و کوردەکانی سوریادا سەریان هەڵدا، کە بەشێکی زۆری باکور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شوێنە کوردییەکانی سوریا و عێراق دەستپێکرد و هێرشەکانیش سنوورەکانی سوپای سوریای گرتەوە و باس لەوەشدەکرێت سەربازیش کوژران و برینداربوون.

ئەوەی ترسی سوریا گەورەتر دەکات، هۆشدارییە دووبارەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە کە ڕەنگە سوپاکەی لەشکرکێشییەکی نوێی زەمینی بۆ ناو سوریا ئەنجامبدات، لەم نێوەندەشدا هێزە کوردییەکانی سەر بە ئەمریکا بەڵێنیان داوە ڕووبەڕووی ببنەوە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی سەرۆکایەتی ڕووسیا لە سووریا، داوای لە تورکیا کرد کە دان بەخۆدا بگرێت، گوتی "دەتوانین شەریکە تورکەکانمان ڕازی بکەین کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز لەسەر خاکی سووریا ڕابگرن".

تورکیا و سوریا دژایەتی کوردەکانی سوریا دەکەن، چونکە ئەنقەرە تۆمەتباریان دەکات بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە، لەکاتێکدا دیمەشق دژایەتیان دەکات بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتەکەیان بە نەوتەکەشیەوە.

کوژرانی سەربازانی سوریا لە بۆردومانەکەی کۆتایی هەفتەدا گرژییەکانی زیاتر کرد، لە کاتێکدا ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ڕایگەیاند کە ١٨ سەربازی سوریا کوژراون.

مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو لە مۆسکۆ گفتوگۆ لەنێوان عەلی مەملوک سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سوریا و هاکان فیدان بەرپرسی هەواڵگری تورکیا ئەنجامدرا.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو کە دانوستانی ئاست نزم لە نێوان لایەنی سوریا و تورکیا بەڕێوەدەچێت، ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەورووپا لە پراگ ڕایگەیاند، هەرچەندە لە ئێستادا کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد ڕێکنەخراوە، بەڵام کاتێک کاتی هات، "دەتوانین بچینە دیداری سەرۆککۆماری سوریا".