رووسیا بۆ تورکیا: هێرشی وشکانیی لە سوریا ڕێگەپێنەدراوە

جیهان

23/11/2022‌ 683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس

ئەلێکساندەر لاڤرنتیڤی نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سوریا رایگەیاندووە کە مۆسکۆ داوای لە ئەنکەرە کردووە هیچ جۆرە هێرشێکی وشکانیی فراوان لە سوریا ئەنجام نەدات، لەبەرئەوەی ئەم جوڵانە ئاستی گرژییەکان لەو وڵاتە بەرزدەکاتەوە.

جەختیشی کردۆتەوە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد یەکێکە لە فاکتەرەکانی بەدیهێنانی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان دژی چەکدارە کوردەکان لە باکووری سووریا "تەنها سەرەتایەکە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنی زەمینی لەوێ "لە کاتی گونجاودا" دەستپێدەکات.
هاوکات فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئامادەن ڕووبەڕووی "لەشکرکێشیی زەمینی تورکیا ببنەوە".
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە "لە ساڵی 2019ەوە خۆیان بۆ "داگیرکارییەکان"ی تورکیا ئامادە دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێمانوایە گەیشتوینەتە ئاستێک کە بتوانین هەر هێرشێکی نوێ پووچەڵبکەینەوە، لانیکەم تورکەکان ناتوانن زیاتر ناوچەکانمان داگیر بکەن و شەڕێکی گەورە ڕوودەدات.