خوێیاو و وشکەساڵی خەریکە هۆرەکانی عێراق و ئاژەڵەکانی لەناو دەبات

عیراق

23/11/2022‌ 250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
هۆرە بەناوبانگەکانی باشووری عێراق بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن، ئەمەش مەترسیدارترینە لە چاو ساڵانی ڕابردوودا، بووەتەهۆی زیادبوونی خوێیاو و لەناوچوونی دەیان گامێش، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دانیشتوانی ناوچەکەیە بۆ بژێویی ژیانیان.

کەمیی ئاو کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا خراپترینە، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، شوانەکانی گامێش زۆرێکیان ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن بۆ شارۆچکەکانی دیکە و بەدوای کاردا بگەڕێن.

مەڕدارەکانی دیکەی گامێش لە ناوچەکە دەڵێن ئاژەڵەکانیان مردار بوونەتەوە یان شیری ناشایستە بەرهەمدەهێنن، لەنێویاندا حەمزە نور کە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردووەوە لەگەڵ براکەی نزیکەی ٢٠ سەر گامێشیان لەدەستداوە.

بە پێچەوانەی باقی شوانەکانەوە، نور دووپاتی دەکاتەوە کە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، چونکە لە هیچ کارێکی تردا باش نییە.

سەڵاح فەرهاد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای زیقار دەڵێت "هەست بە شەرمەزاری دەکەین، جووتیاران داوای ئاوی زیاترمان لێدەکەن، ئێمەش ناتوانین هیچیان بۆ بکەین".

عێراق پشت بە حەوزی ڕووباری دیجلە و فورات دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ئاودێری و پاکوخاوێنی بۆ هەموو ئەو 40 ملیۆن کەسەی کە هەیەتی.

بەغدا نەیتوانیوە لەگەڵ ئەنقەرە لەسەر بڕێکی دیاریکراوی بەشەئاوی دیجلە ڕێکبکەوێت، کە بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی ساڵی 1987 دەبێت پابەند بێت بە بەردانەوەی 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەرەو سوریا و دواتر ئاوەکان لەگەڵ عێراقدا دابەشبکرێت.

بەڵام ئەنقەرە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەوە نەیتوانیوە ئەرکی خۆی جێبەجێبکات، هەروەها هەر ڕێککەوتنێکی دیکە ڕەتدەکاتەوە کە ناچاری بکات پابەند بێت بە بەردانەوەی ئاوەوە.

ڕێژەی خوێیاو لە هۆرەکاندا زیادی کردووە لە ئەنجامی گرتنەوەی ئاوی ڕووباری کەرخێ لەلایەن ئێرانەوە کە ئەو رووبارە سوودی زۆری هەبوو بۆ هۆرەکانی عێراق.