لیژنەی دەستپاکیی زانیاریی نوێ لەبارەی "دزیی سەدە" ئاشکرا دەکات.. پارە براوەکە زۆر لەوە زیاترە کە راگەیاندراوە

عیراق

25/11/2022‌ 337 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

لیژنەی دەستپاکیی ئەنجوومەنی نوێنەران زانیاریی نوێی لەبارەی دۆسیەی "دزیی سەدە" ئاشکرا کردووە، بەشێوەیەک ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە زۆر لەو بڕە پارەیە زیاترە کە لەراگەیاندنەوەکانەوە ئاشکرا کراوە، بەشێوەیەک پارە دزراوەکە دەگاتە 5 ملیار دۆلاری ئەمەریکی.

ئەحمەد ڕەبیعی ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: لیژنەی دەستپاکیی پەڕلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ناسراو بە "دزیی سەدە" پێکهێناوە، بۆئەوەش میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و لایەنە حکوومییەکانی کردووە.

بەوتەی ڕەبیعی، راپۆرتی وەزارەتی دارایی ئاماژە بە دیارنەمانی بڕی 2.5 ملیار دۆلاری ئەمەریکی لە سپاردەکانی دەستەی گشتیی باجەکان دەکات، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لیژنەکەیان بەدەستیهێناوە، ئەو بڕە پارەیەی دزراوە زیاترە لە پێنج ملیار دۆلاری ئەمەریکی.

بەگوێرەی لێدوانی بەشێک لە پەڕلەمانتار و سیاسەتمەدارانی عێراق، دۆسیەی دزیی سەدە هێشتا لەلای دادگای عێراقی بەکراوەیی ماوەتەوە بەئامانجی گەیشتن بە سەرجەم سەرەداوەکانی تاوانەکە و گێڕانەوەی ئەو پارانەی براونەتە دەرەوەی وڵات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی