دیبلۆماتکارێکی ئێرانیی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێرانی بۆ داماڵینی چەک لە هێزە کوردییەکانی ئێرانی ئاشکرا کردووە

عیراق

25/11/2022‌ 1370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێردەی دیپلۆماسی هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکات لە بواری "داخستنی بارەگا و چەکداماڵینی هێزە بەرهەڵستکارە کوردییەکان" دژ بە ئێران لە هەرێمی کوردستان.

نێردەکە رایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری خستۆتە بەردەم بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەوەی گرووپە چەکدارییە کوردییەکان خاکی عێراق بۆ ڕێکخستن و جێبەجێکردنی کردەوەی تێکدەرانە دژ بە ئێران بەکاردەهێنن.

ئەوەش هاتووە: لە میانی چەند خولێکی دانوستان و ڕاوێژکاری دوو قۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، لەوانە سەردانی ئەم دواییەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێراق بۆ تاران نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کرد کە تاوانی تیرۆریستییان ئەنجام داوە بۆ دادگاییکردن لە دادگاکانی ئێران، جگە لەوەی پێویستە بنکە و بارەگای مەشق و ڕاهێنانی ئەو گرووپانە لە هەرێمی کوردستان دابخرێن و ئەندامەکانیان لەچەک دابماڵرێن.

باسی لەوەشکردووە کە ئێران جەختی کردۆتەوە کە دەبێت هێزە سەربازییەکانی عێراق لەسەر سنووریی نێودەوڵەتیی هەردوولا بڵاوەیان پێبکرێت، لایەنی عێراقیش بەو داواکارییە رازیی بووە و  خشتەیەکی کاتیی بۆ جێبەجێکردنی داماڵینی چەک لەو گرووپە چەکدارییانە دابنێت، بەڵام تاوەکو ئەمساتە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە و ئێرانیش سوورە لەسەر جێبەجێکردنی.

هەروەک دەڵێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندە بەوەی ئەو پرسە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەڕێگای میکانیزمێکی دوولایەنە و لەچوارچێوەی جەنگی دژ بە تیرۆر چارەسەر بکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی