عێراق سەدان هەزار تۆن دانەویڵە بۆ بەرنامەی کۆبۆنی خۆراک دەکڕێت

عیراق

25/11/2022‌ 149 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە کە لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی حکومەت گرێبەستی کڕینی 300 هەزار تۆن گەنمی کەنەدیی و ئوستراڵییان واژۆکردووە، کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی ئاردی ناو ناو بەرنامەی کۆبۆنی خۆراکە بۆ مانگەکانی سەرەتای ساڵی داهاتوو.

ئەسیر غوڕەیری وەزیری بازرگانیی لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت: لیژنەی گرێبەستەکانی وەزارەتی بازرگانیی گرێبەستی کڕینی 200 هەزار تۆن گەنمی ئوستراڵی و 100 تۆن گەنمی کەنەدییان واژۆکردووە، بەئامانجی دەستەبەرکردنی ئاردی ناو بەرنامەی کۆبۆنی خۆراک بۆ چوار مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوو، بەو جۆرە تاوەکو ئێستا گرێبەستی کڕینی 650 هەزار تۆن گەنم لە سەرچاوە جیهانییەکان واژۆ کراوە.

وەزیری بازرگانیی ئاماژەی بەوەکردووە کە هەوڵەکانی وەزارەتەکەیان بۆ دابینکردنی گەنم بۆ بەرنامەی کۆبۆی خۆراک خۆی لە واژۆکردنی گرێبەستی گرنگ لەگەڵ سەرچاوەی جیهانییدا دەبێنێتەوە، ئەو سەرچاوانەش پێشتر وەزارەتی بازرگانیی مامەڵەی لەگەڵدا کردوون و هیچ سەرنجێکی نەرێنیی لەسەریان نەبووە.

بەوتەی غورەیڕی، وەزارەتی بازرگانیی پێداویستییەکانی وڵاتی لە گەنم و ماددەکانی ناو بەشەخۆراکی هاوڵاتیانی بۆ مانگەکانی سەرەتای ساڵی داهاتوو دابین کردووە، ئەوەش لەچوارچێوەی پلانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکیی هاوڵاتیان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی