تۆیۆتا یەکێک لە جوانترین ئۆتۆمبێلەکان بەرهەمدەهێنێت

هەمەڕەنگ

25/11/2022‌ 516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای تۆیۆتا ئۆتۆمبێلی prius ی نوێی ئاشکرا کرد کە بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە لەیەک کاتدا ئۆتۆمبێلێکی گەنجانە و کەشخە و بەهێز و ئابوورییانەش بێت لەڕووی بەکاربردنی سووتەمەنییەوە.
ئۆتۆمبێلە نوێکەی یۆیۆتا بەوە جیادەکرێتەوە کە بۆدییەکی زۆر ناوازەی هەیە کەمێک لە مۆدێلەکانی پێشووتری گەورەترە، بەشێوەیەک درێژییەکەی 4 مەتر و 60 سانتیمەترە و پانییەکەی 178 سانتیمەتر و مەودای نێوان تایەکانی 275 سانتیمەترە و پانی تایبەکانیشی 19 ئینچە.
کەشخەیی ئۆتۆمبێلەکە هەر لە رووکاری دەرەوەیدا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو بەشی ناوەوەشی دیزاینێکی جیاوازی هەیە و داشبۆردییەکەی بەشێوەیەکە کە هەموو رەگەزەکانی نوێگەریی و پێشکەوتنی لەخۆگرتووە.
لەداشبۆردییەکەی prius دا شاشەی زۆر پێشکەوتوو هەیە کە نوێترین سیستەمی موڵتیمیدیای تێدا بەکارهاتووە، هەروەک کوشنی ئاسوودەی هەیە کە بە سیستەمی ساردیی و گەرمیی تەیار کراوە، ئەوە جگە لە بەکارهێنانی نوێترین سیستەمی ئەمان و هەستەوەریی رووناکی و باران و هەستەوەری پێوانی دووری پێشەوە و دواوە.
تۆیۆتا ئۆتۆمبێلەکە بە دوو مۆدێل دەخاتە بازارەوە کە مۆدێلێکیان بە سیستەمی هایبرید کاردەکات کە بزوێنەرێکی کارەبایی و بەنزینی هەیە و هێزەکەی 140 ئەسپە، ئەوەی تریشیان بزوێنەرێکی هایبریدی هەیە کە هێزی 193 ئەسپە و لەماوەی 7.5 چرکەدا دەتوانێت خێراییەکەی لە سفرەوە بگاتە  100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی