شارپرێس زانیارى له‌باره‌ى بڕیارێكى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دژى ئێران بڵاوده‌كاته‌وه‌

جیهان

25/11/2022‌ 811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەپێشێلکارییەکانی ئەمدواییەی وڵاتی ئێران لە مافی خۆپیشاندەراندا دەکات و بەکۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست بەرپرسانی ئەو وڵاتە پەلکێشی دادگا نێودەوڵەتیه‌کان دەکات.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدانیشتنێکی خێرای رۆژى پێ،ج شه‌ممه‌، لەبارەی پێشێلکارییەکانی ئێران بڕیارنامەی پێشنیارکراوی وڵاتی ئەڵمانیاو ئایسلەندای بە25دەنگی ڕازی و 6دەنگی ناڕەزا و 16دەنگی پوچەڵ پەسەند کرد.

لەبڕیارنامەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێستای وڵاتی ئێراندا بکرێت تا بەئاشکرا پێشێلکردنەکان ببنە بەڵگەو شایەتییەک بۆ دادگا نێودەوڵەتێکان لەداهاتوودا.


هەر لەدانیشتنەکدا "ڤولکیر تورک" کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدانیشتنی ڕێکخراوەکەدا  داوای لەحکومەتی ئێران کرد هەرچی زووە پێشێلکاری و سەرکوتکردنەکان لە مافی هاوڵاتیانیدا ڕابگرێت و شێوازی کۆنی دەسەڵاتدارێتی لەم وڵاتە کە کەسانێکی باڵادەست گرتویانەتە دەست چیتر دەبێ بگۆڕێت و ئاوا شێوازێکی حکومەتداری دۆخیان خراپتر و ئاڵۆزتر دەکات.

وتیشی، ئەو داوای لە حکومەتی ئێران کردووە با ڕاستەوخۆ تیمی ڕێکخراوەکە سەردانی ئێران بکات و لەنزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بێت بەڵام وەڵامێکی قەناعەتپێکەری لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەدەستنەگشتووە ولەگەڵ ئەوەشدا داوامانکردووە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی  نەتەوە یەکگرتووەکان  ڕۆڵی کاریگەرانەتر لە وڵاتەکەیاندا ببینێت چونکە هیچ نوسینگەیەکی ئەوان لەئێراندا نییەو ئاگاداری دۆخەکان وەک خۆی نابنەوە.


کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیشاردەوە، لەئێستادا نزیکەی14هەزار خۆپیشاندەر لەم وڵاتەدا  بەندکراون و هەندێک لەوان سزای تا لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و لەمبارەشەوە  پاساو و بانگەشەی ڕێبەر و سەرکردەکان ئێران لەمبارەوە بێبنەما وەسفکرد چونکە خەڵکی ئەم وڵاتە دەیەوێ ئازادانە دەنگ هەڵبڕن تا دەنگیان بەئاشکرا ببیسترێت.

پەسەندکردنی ئاوا بڕیارنامەیەک لەکاتێکدایە، هەوڵەکانی وڵاتی ئێران بۆ ڕێگری کردن لە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامە کە پشتئەستووور بە وڵاتی چین و ڕوسیاو هەندێک وڵاتی دیکە بوو شکستی هێنا و ئەم وڵاتانەش تاڕادەیەک دەنگیان بە پڕۆسەکە بە گشتی نەدا.

لەلایەکی دیکەوە پاش پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامە کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران پێکدێت کە بەئەگەرێک زۆرەوە چانسی ڕۆیشتنیان بۆ ئەم وڵاتە لەنزیكەوە نابێت بەڵام بە کۆکردنەوەی بەڵگەو شایەتییەکان، ده‌توانرێت بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە پەلکێشی دادگا نێودەوڵەتێکان بۆ سزادانیان بکەن.

ی.ن