سوید قوتابخانە ئیسلامییەکان دادەخات

جیهان

25/11/2022‌ 921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوە ئەکادیمییە ئیسلامییەکان لە ڕیزبەندی باشترینەکانی سویددان، بەڵام حکومەتی ستۆکهۆڵم بەردەوامە لە داخستنی زیاتری قوتابخانە ئیسلامییەکان.

سەرەتای ئەمساڵ، وەزیری پێشووی پەروەردەی سوید، لینا ئاکسێلسۆن کیلبۆم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "حکومەتەکەی پڕۆژەیاسایەکی پێشکەشکردووە کە ئامانج لێی قەدەغەکردنی دامەزراندنی قوتابخانە ئاینییە بەناو سەربەخۆکانە".

پڕۆژەیاساکە ڕێگری لە فراوانکردنی ئەم قوتابخانە ئاینییە سەربەخۆیانە دەکات بە زیادکردنی ژمارەی خوێندکارەکانیان، یان کردنەوەی لقی نوێ و لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە دەچێتە بواری جطبەجێکردنەوە.

پڕۆژەکە تا ئێستا تەنها قوتابخانە ئیسلامییەکانی کردۆتە ئامانج، ئەمەش ڕێکخراوەکان و توێژەران و قوتابخانە ئیسلامییەکانی توڕە کردووە و دەڵێن بڕیاری داخستنی لەسەر بنەمای ئەنجامی خراپی ئەکادیمی یان کەموکوڕی پەروەردەیی نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای پاڵنەری سیاسیی دژە ئیسلامی بووە.

محەممەد ئەمین خەراکی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەربەخۆی ئیسلامی، فرامستیگ سکۆلان - لە گەڕەکی ڕاگسڤید لە پایتەختی سوید- ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٠ قوتابخانە کە خۆیان بە ئیسلامی پۆلێن دەکەن یان موڵکی موسڵمانانن، داخراون.

خەراکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا 3 قوتابخانە چاوەڕوانی ئەنجامی سکاڵای یاسایی لەسەر بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانن.

تۆمەتی پیلانگێڕی
بڕیارەکەی بەشی پشکنین بۆ داخستنی قوتابخانەی فرامستێگ سکۆلان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی سوید (ساپۆ) بوو، کە "تۆمەتی پیلانگێڕیی لەلایەن ئیخوان موسلیمین و ئەجێندای نهێنی و ئاماژەکانی گومانی تیرۆریستی" پاڵنەر بوون بۆ دەرچوونی ئەو بڕیارە".

سایتی "سیری" لە زاری ئیمین بۆلیارێڤیچ مامۆستای یاریدەدەری کۆمەڵناسی ئایینەکان لە زانکۆی ئۆپسالا نووسیویەتی "ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئێمە کەشوهەوای کۆمەڵایەتیمان وایکردووە موسڵمانان وەک گومانلێکراو وێنا بکرێن".

تۆمەتبارکردنی توندڕەوی
باخچەی ساوایانی سیماگاردن لە ناوچەی ئاکالا لە ستۆکهۆڵم - کە لەلایەن قوتابخانەی فرامستیگ سکۆلان بەڕێوەدەبرێت - لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەڕەشەی داخستنی بووەوە، بەهۆی تۆمەتەکانی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ کە منداڵەکانی ئەوێ مەترسی توندڕەوییان لەسەرە.

محەممەد ئەمین خەراکی باس لەوە دەکات کە دەزگای هەواڵگریی "سابۆ" لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی هیچ تۆمەتێکی دیاریکراوی سەبارەت بەو دوو قوتابخانەیە نەکردووە، بەڵکو لەبری ئەوە تەنها ئاماژەی بە سەرچاوە نهێنییەکان کردووە.

خەراکی ڕوونیشیکردەوە، بەشی پشکنین هەرگیز سەردانی قوتابخانەی فرامستیگ سکولانی نەکردووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو توندڕەوییە گوماناوییە.
دژە موسڵمان

سەعید بۆسۆلادزیچ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی "نانس" و بەرپرسی باڵای پارێزگای سکین لە باشووری سوید ڕایگەیاند، داخستنی قوتابخانەکان پەیوەندی بە خوێندنەوە نییە، بەڵکو بەهۆی کەشوهەوای سیاسی دژە موسڵمانەوەیە .

بۆسۆلادزیچ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕوونیکردەوە کە پارتە ڕاستڕەوەکان - کە ئێستا لە دەسەڵاتدان - بە ڕاشکاوی وتوویانە کە هیچ شتێکیان نییە کە مەسیحی، جوولەکە و قوتابخانەکانی دیکە ئیدانە بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو سیاسەتمەدارانەی کە ئیسلامۆفۆبیا زیندوو دەکەنەوە و ژیان بۆ کەمینەکان قورستر دەکەن، تەنها باسی کێشەیان لەگەڵ قوتابخانە ئیسلامییەکان کردووە کە بانگەشەی وەستاندنی توندڕەوی دەکەن".

ئەو بەرپرسە ناوخۆییە سویدییە ڕوونیشیکردەوە کە سۆسیال دیموکراتەکان (پارتی دەسەڵاتداری پێشوو) ئەوانە بوون کە لەسەرەتادا سەرکردایەتی ئەم پرسەیان کردووە، چونکە ئەوان دژی هەموو قوتابخانە ئەهلیەکان بوون، بەو پێیەی دەوڵەت دەبێت هەموو دامەزراوە پەروەردەییەکان بەڕێوەببات.

بەپەلە