نەتەوە یەکگرتووەکان: ڤیدیۆی لەسێدارەدانی دیلەکانی ڕوسیا لەلایەن سەربازانی ئۆکرانیا ڕاستەقینەیە

جیهان

25/11/2022‌ 1696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لەگەڵ ئەوەی ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیا پێی ناوەتە مانگی نۆیەمیەوە، ئاڵوگۆڕی تۆمەتەکانی نێوان هەردوولا بە ئەنجامدانی پێشێلکاری و تاوانی جەنگ بەردەوامیی هەیە.

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک، ڕایگەیاند، ئەو شیکارییە سەرەتاییەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا کردوونی، سەربازانی ئۆکرانیا دیلەکانی جەنگی ڕووسیا لە سێدارە دەدەن و "راستەقینەن."

تورک داوای لە هەردوو وڵات کرد ڕێنمایی بە هێزەکانیان بدەن سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ، هەروەها ڕاشیگەیاند کە هەموو ئەو لەسێدارەدانانەی بێ دادگاییکردن ئەنجامدراون، بە تەواوەتی لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت.

جگە لەوەش دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی بنەڕەتی لە ئۆکرانیا لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 77 هاوڵاتی مەدەنی و زیانی زۆری ملیۆنان کەسی لێکەوتووەتەوە.

ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی ئاشکرایکرد: "ملیۆنام کەس لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا ڕووبەڕووی ئازاری سەخت و بارودۆخی ژیانی ترسناک بوونەتەوە.

پێشتر حکومەتی کیێڤ ڕایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەک دەکات گوایە لەلایەن هێزە چەکدارەکانییەوە ئەنجامبدرێت.

ئۆکرانییەکان دەڵێن "ئەو ڕووداوەی کە وێنەی گیراوە، پێچەوانەکەی راستە و سەربازی ئۆکرانین بەرگری لە خۆیان دەکەن لە بەرامبەر ئەو سەربازە ڕووسانەی ەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن.

جێگای سەرنجە کە ڕووسیا نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر ئۆکرانیای تۆمەتبار کردبوو بە لەسێدارەدانی زیاتر لە دە سەربازی دوای دەستگیرکردنیان، ئەمەش بە پشتبەستن بە دوو گرتەی ڤیدیۆیی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بڵاوکرایەوە، بە "تاوانی جەنگ" وەسفی کردبوو.

تیمی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەردوو ڕووسیا و ئۆکرانیا لە کاتی شەڕەکاندا کە لە ٢٤ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، دیلەکانی جەنگیان ئەشکەنجە داوە.

بەپەلە