هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و "بۆمبە تەوقیتکراوەکە" دژی جیهان

کوردستان

25/11/2022‌ 1180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان "بۆمبی تەوقیتکراوە" و کە تەقییەوە، دەبێتە مەترسی بۆ سەر جیهان و هەموو لایەک.

 
مەزلۆم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە ھۆشداریدەدات لەبارەی تەقینەوەی گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیھان "کەمپی ھۆڵ یەکێکە لە تەقینەوە مەترسیدارەکان، کە ٧٠ ھەزار کەسوکاری داعشی تێدایە و خەریکە ھەموو جیھان توشی جەنگێکی مەترسیدار دەکات".

بەرەبەیانی رۆژی ٢١ی ئەم مانگە فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان ھێرشی زەمینی بۆ سەر باشور و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا کاتژمێر ٨ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بۆردوومانی مەترسیدارترین کەمپی جیھانی کرد کە "کەمپی ھۆڵ"ە.

لەبەرامبەر ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیادا مەزڵوم عەبدی، شەڕی لە دژی داعش راگرت و ئامادەیی بۆ "بەرخودانی سەرتاسەری لە دژی هێرشەکانی تورکیا راگەیاند".

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگرتنی شەڕی لە دژی داعش راگەیاندو هۆشدارییدا ئەگەر پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا دەستپێبکات، شەڕ تەنها لە ناوچەیەک ناهێڵنەوە و تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە.

فەرهاد شامی بەڕێوبەری راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، ئێوارەی چوارشەممە کاتژمێر ھەشت شارۆچکەی هۆڵ کە کەمپی پەنابەرانی هۆڵ-ی لێیە، لەلایەن سێ فڕۆکەی جەنگیی تورکیاوە بۆردومانکراوە.

بەپێی سەرچاوەکان هێزەکانی پاراستنی کەمپەکە کراونەتە ئامانج و ئێستا ڕەوشی کەمپەکە زۆر خراپە و ژمارەیەک لە خێزانەکانی داعش هەڵاتوون.

وتەبێژی ھەسەدە دەشڵێت "ئەمە خواستی تورکیا نیشاندەدات بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانی داعش و ئەندامەکانیان تاوەکو هەڵبێن" وتی "ئێمە نیگەرانین لەوەی تورکیا هێرشبکاتە سەر گرتووخانەکانی ناوچەکە."

کەمپی ھۆڵ "لە بیاباندایە و چوار کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل دوورە لە ناوچەی مەلیکە لە نزیک شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانەوە".

بە گوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کەمپی هۆڵ، ئێستا لە کەمپەکەدا ٧٠ هەزار و ٣٥١ کەس دەژین کە لە ١٦ هەزار و ٤٠٤ خێزان پێکهاتوون، کە عێراقی: ٣٠ هەزار و ٧٣٨ کەسن، ٨ هەزار و ٢٥٦ خێزان سوورین و ٢١ هەزار و ٥٨ کەس – لە ٥ هەزار و ٦١٩ خێزان بریتین لە داعشی بیانی، هاوکات ٨ هەزار و ٥٥٥ ژن و منداڵن، ٢ هەزار و ٥٢٩ خێزانیان لەسەروبەندی تێکشکانی داعشەوە لە باهۆز لەساڵی ٢٠١٩ەوە، لە نێو کەمپەکەدا دەستبەسەرن.

هەر زووش، حکومەتی عێراق پشتراستیکردەوە کە ٥٠٠ خێزانی عێراقی لە نێو کەمپەکەدان و زۆربەشیان لەسەروبەندی کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن داعشەوە بەرەو سوریا و دواتریش بۆ کەمپەکە گوازراونەتەوە، هەندێک لەو خێزانانەش پەیوەندییان لەگەڵ داعشدا هەبووە.

جیاواز لەمانە، کەمپەکە بە تەلبەنی رووپۆشکراو بە کارەبا دەورە دراوە، رۆژانە حاڵەتی توندوتیژی، شەڕە چەقۆ، کوشتن و ھەوڵی ھەڵاتن روودەدەن.

زۆرێک لە ژنەکان بەبێ هاوسەرەکانیان ژیان دەگوزەرێنن، هاوسەرەکانیان کوژراون یان دەستگیرکراون، یانیش بێسەروشوێنن و هیچ سەرەداوێک لەسەر ژیانیان نییە، ژنەکانیش لەنێو کەمپەکەدا لەگەڵ منداڵەکانیان دەژین.

تاوەکو ئێستاش، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئامادە نین هاوڵاتییەکانی خۆیان کە نیشتەجێی کەمپەکەن، بگوێزنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، "تەنها ١٠ وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان لەنێو کەمپەکەدا بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەوانیش زیاتر وڵاتەکانی کازاخستان، کۆسۆڤۆ، روسیا و ئۆزبەکستانن.

دوای ڕاگرتنی شەڕی داعش لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هۆشدارییەکەی، ھێزی ھاوپەیمانان و ھەموو جیھان چاوەڕێی مەترسیی بڵاوبونەوەی نێزیکەی ۷٠ ھەزار كەسوكاری داعشن لە كەمپی هۆڵ، ۱۱ ھەزار داعش لە زیندانەکانی هەسەدە دا هەن کە بە ھۆی ھێرشەکانی تورکیا مەترسی شکاندنیان لە ئارادایە.

نزیکەی ۱٥٠٠ داعش لە ناوچەکانی باشووری دێرەزۆر و نزیکی سنووری عێراق لە چالاکیدان کە ئەو دەڤەرانە لە ژێر دەستی داعش و میلیشیاکانی نزیک ئێران و سوریا دان.

نزیکەی ۲٠٠٠ داعش لە ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ كانی، نزیكەی ٥٠٠٠ داعش لە ناوچەکانی عەفرین و ئدلب هەن، بەم ئۆپراشیۆنانەی سوپای تورکیاش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزکانی ھەسەدە چیتر ئەو ئارامیەی بەھۆی "هەبونی ھێزە کوردیەکان لەناوچەکەدا ھەیە" نامێنێ و جیھان توشی تەقینەوەی بۆمبێکی مەترسیداری تیرۆر و سەرھلدانەوەی داعش دەکات.