مه‌كگۆرك له‌توركیایه‌و عه‌بدى زانیاریی گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

26/11/2022‌ 6407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:

فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئاشكرایده‌كات، تورکیا هێزی لەسەر سنوری کۆبانێ جێگیرکردوەو بەنیازی هێرشکردنەسەر ئەوشاره‌یه، ده‌شڵێت:"ئه‌مریكاو ئێران دژی ئۆپەراسیۆنه‌كانى تورکیان‌و له‌ئێستاشدا ئەمریکا مه‌كگۆركى ناردۆته‌ توركیا بۆ ئه‌وه‌ى هێرشه‌كان ڕابگیرێن".


مه‌زڵوم عه‌بدى فەرماندەی هەسەدە لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئۆنڵایندا كه‌ په‌یامنێرى شارپرێس به‌شداریكردو تایبه‌ت بوو به‌هەڕەشەکانی سوپای تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگه‌یاند، "ئیدارەی ئەمریکا برێت مەکگۆركى ڕه‌وانه‌ى توركیا كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ بكات سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان‌و هه‌رچى زوشه‌ ڕابگیرێن".

به‌وته‌ى عه‌بدی، "ماوەی حەوت ڕۆژە هێرشەكانى تورکیا بۆسه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان بەردەوامەو هێرشەکە تەنها هێزە سەربازییەکانمانى نه‌كردۆته‌ ئامانج، بەڵکو هاوڵاتیانی مەدەنیشی کردۆته‌ ئامانج‌و به‌هۆیه‌وه‌ 14 هاوڵاتی شەهیدبون‌و 16 شەڕڤانمان شەهیدبونه‌و تورکیاش ژێرخانی ئابورى ڕۆژئاواشى بەئامانج گرتوه‌".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا عه‌بدى ده‌ڵێت:"په‌لاماره‌كانى توركیا ئامانج لێیان، تێکدانی ژیانی کۆمەڵگاو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریه‌، ده‌شیه‌وێت ئاماده‌كارییه‌كانى ته‌واو بكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رچى زوه‌ هێرشی وشکانی ده‌ستپێبكات، چونكه‌ ئێستا ئه‌و وڵاته‌ خۆی بۆ هێرشێکی وشکانی ئامادەدەکات".

فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده‌ ئاشكراشیكرد، "توركیا ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكى ئاماده‌كردنى چه‌ته‌كانێتى بۆ په‌لاماردانى ڕۆژئاواى كوردستان‌و دوێنێش ئەردۆغان باسی لەهێرشی سەر کۆبانێ‌و مه‌نبه‌ج‌و ته‌لڕه‌فعه‌ت کرد".

هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌دا مه‌زڵوم عه‌بدى ئاماژه‌ى به‌كرده‌وه‌كه‌ى ئیستانبوڵى توركیا كردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "له‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌ختى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا ئێمه‌ ئیدانه‌مان كردو ڕه‌تمانكرده‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان پێوه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام توركیا ئه‌وه‌ى كرده‌ بیانوو بۆ په‌لاماردانى ئێمه‌‌و ئه‌وكات‌و ئێستاش ده‌ڵێین، داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەین لەته‌قینه‌وه‌كه‌ى ئیستانبوڵ".

سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌كارییه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان له‌ئه‌گه‌رى به‌ئامانج نه‌گه‌یشتنى گفتوگۆكانى ئه‌مریكاو توركیا، عەبدی جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئامادەین به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕوبه‌ڕوى توركیا ببینه‌وه‌و شەڕەکەش بەرفراوانتربێت، بەڵام نامانەوێت شەڕبکەین لەمکاتەدا، چونكه‌ هێرشەکانى توركیا کاریگەری نەرێنیان هەبوەو ژێرخانی هەرێمەکەیان تێکداوەو ئۆپەراسیۆنه‌كانیشمان دژ بەداعش وەستاندوە".

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش عه‌بدى وتى:"ئێمە دەزانین کە زۆر هێزی نێودەوڵەتی دژی هێرشەکە وەستاون، دەزانین کە ڕوسیاو ئەمریکا دژی هێرشەکەن، ئەم هەڵوێستە باشە، دەشزانین تورکیا سورە لەسەر هێرشکردن، به‌ڵام دەبێت پێگەی نێودەوڵەتی بەهێزتربێت بۆ وەستاندنی هێرشەکە".

په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى سوریا كردو وتى:"سوریا ئەندامی کۆماری عەرەبییە، له‌ئێستاشدا تورکیا دەیەوێت بەشێک لەوڵاتانی عەرەبی كه‌ (سوریا)یه‌ داگیربكات، پێویسته‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕێت‌و چیتر له‌م بێده‌نگیه‌دا نه‌مێنێته‌وه‌".

جارێكى تر باسى پێگه‌و هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا كرد له‌باره‌ى په‌لاماره‌كانى توركیاو وتى:"برێت مەکگۆرک ڕێکخه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باکوری ئه‌فریقیاوه‌ بەفەرمی دژایه‌تی خۆیان بۆ توركیاو په‌لاماره‌كانى ڕاگه‌یاندوه‌و خودى مەکگۆرکیش ڕه‌وانه‌ى توركیا كراوه‌ بۆ گفتۆگۆى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌و وه‌ستاندنى په‌لاماره‌كان".

عه‌بدى پێیوایه‌، "هه‌ڵوێستى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌به‌رامبه‌ر په‌لاماره‌كانى توركیا لاوازه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ به‌شێكیان پەیوەندیمان هەیەو پێمان وتون، دەبێت پێگەتان بەهێزتر بكه‌ن‌و هه‌ڵوێستتان ڕونتر بێت".

له‌كۆتاییدا مەزڵوم عه‌بدی ئاشكرایكرد، "تورکیا ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشی زەمینی به‌تایبه‌ت بۆسه‌ر كۆبانێ، ئێمە هێزی سەربازیمان ئاماده‌یه‌و هێرشی تورکیا تێکدەشکێنین‌و هەرێمەکانمان دەپارێزین".

ش.هـ