ڕۆژنامه‌نوسێك ده‌ستگیرده‌كرێت‌و كه‌سیش ئاماده‌نییه‌ زانیاریی بدات

کوردستان

26/11/2022‌ 2702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەنتەری میترۆ ئاشكرایده‌كات، لەبەیانی ئەمڕۆوە دەیەوێت لێدوانێكی ڕەسمی لەلایەنی پەیوەندیدار یان خێزانی، سەبارەت بەدەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس (ڕەوا بورهان) وەربگرێت، كەس ئامادەنییە، ده‌شڵێت:"ئه‌و ڕۆژنامه‌نوس سبه‌ینێ دەبرێتە بەردەم دادوەر".


ڕەحمان غەریب ڕێكخەری سه‌نته‌رى میترۆ ئاشكرایكردوه‌، ئه‌گه‌رچى هیچ كه‌س زانیارییان پێنادات، بەڵام بەشێوەی ناڕەسمی پێیان وتراوە، ئاسایش بەفەرمانی دادوەر بەتۆمەتی بەڕێوەبردنی پەیج‌و ئەكاونتی نەناسراو ڕه‌وا بورهان-یان دەستگیركردوەو بەیانی واتە یەكشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر.

ده‌شڵێت:"شێوازی دەستگیركردنی ڕەوا بورهان، بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بوە، هێزێك چونەتە ماڵی‌و ڕاپێچیان كردوە بۆ زیندانی ئاسایش، ئەم شێوازی دەستگیركردنە كە لەدوا كاتژمێرەكانی كۆتایی دەوامی فەرمییە، یەكسەر كەیسەكە دەباتە یەكەم ڕۆژی دەوام كە یەكشەممەیە، ئینجا دەستگرتن بەسەر مۆبایل‌و كەرەستەی ڕۆژنامەوانیی چەند ڕێوشوێنێكن لەگەڵ بەندەكانی یاسای ڕۆژنامەوانی یەكناگرنەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئێمە پێمان باشە ئەدمین‌و بەڕێوەبەری پەیج‌و ئاكاونتەكان ناسراوبن، بەتایبەتیش مەبەستمان لەوانەن كە كاری میدیایی دەكەن، بەڵام كام حزب‌و دەزگا ئەمنیتان خەریكی ئەم ئەتواره‌ نیین، دەستهەڵبڕن؟".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو دەزگا ڕۆژنامەوانیانەی كە زۆرن‌و (ڕەوا بورهان) كاری تێداكردوە، بێدەنگییان هەڵبژاردوەو تەنانەت ئەم ماوەی دەستبەسەرە لەڕای گشتییان شاردۆتەوە".

ڕه‌حمان غه‌ریب ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "لەڕابردویەكی نزیكدا دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس بەهۆی كارەكەی بەتایبەتیش لەسلێمانی، وەك دەستبردن بوو بۆ شارە زەردەواڵە، هەموو ڕۆژنامەنوسان وەك خێزانێك دەورژان‌و هەریەك لەشوێنی خۆیەوە جۆرێك لەهەڵوێستی دەرده‌بڕی، ئێستاش دەبێت بگرین بۆ ئەو ڕابردوە جوانە، ئەگەر خێزان‌و كەسوكاری پاساوێكیان هەبێت، لەترسی چارەنوسی ڕەوا بێدەنگیان هەڵبژاردوە، ئەوە ئەو پاساوه‌ بۆ ئەو دەزگایانە هیچ ڕەوایەتییەكی نییە".

ڕەوا بورهان تەمەنی 27 ساڵە، ئەو لەتەمەنێكی زۆر بچوكدا لەڕۆژنامەی ئاوێنە سپۆرت دەستی بەكاری ڕۆژنامەوانی كردوه‌، دواتر لەڕۆژنامەی ئاوێنە سیاسی‌و لەماڵپەڕی ئاوێنەش بەردەوامی بەكاری ڕۆژنامەوانیداوه‌، لە 2015 بۆ ماوەیەك لەدەزگای میدیای نالیا كاریكردوە پاشان وێستگەنیوز، زەمەن پرێس، پاشان بوە بەسەرنوسەری سپی میدیا.

ش.هـ