پارتى‌و یه‌كێتى له‌سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ له‌باره‌ى سلێمانى وه‌ڵامى توندى یه‌كتر ده‌ده‌نه‌وه‌

کوردستان

26/11/2022‌ 4805 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی داکۆکی لەئازادی ڕۆژنامەگەری‌و مافی ڕۆژنامەنوسان له‌سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نوسان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەڵمەتێکی ترسناک دژی ڕۆژنامەنوسان لەلایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانیەوە ده‌ستى پێكردوه‌"، جێگرى نه‌قیبى سه‌ندیكاكه‌ش ده‌ڵێت:"ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نوسراوەو زمانی دەربڕینی بەیاننامەکەش لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێم، زمانێکی توندو تۆمەتبەخشە".


به‌یانى ئه‌مڕۆ لیژنەی داکۆکی لەئازادی ڕۆژنامەنوسی‌و مافی ڕۆژنامەنوسان له‌سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نوسان بەیاننامەیه‌كى سەبارەت به‌"هەڵمەتێکی ترسناک دژی ڕۆژنامەنوسان لەلایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانی"ەوە بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "ژمارەیەک سکاڵاو پەیوەندی ڕۆژنامەنوسانی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی لیژنەی داکۆکی کراوە کە هەست بەمەترسی بۆسەر ژیان‌و کەسایەتیان دەکەن".

ده‌شڵێت:"ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک‌و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لەپارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لەڕفاندن‌و دەستگیرکردن‌و هەڵکوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەنوسان، نمونەی ئەمانە ڕۆژنامەنوس هۆشیار عەلی پەیامنێری سایتی وشەیه‌ ماوەیەک لەمەوبەر لەشەوێکدا بۆ ڕوماڵ دەچێتە دەرەوە، لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە هەڵدەکوتنەسەری‌و دەستگیردەکرێت‌و تورەکەی پرتەقاڵی تیرۆریستی دەکەنەسەری‌و 24 کاتژمێر سەرنگوم دەبێت‌و دواتر ئازاد دەکرێت".

ئاماژه‌ى به‌كه‌یسى ڕه‌وا بورهانیش كردوه‌و ده‌ڵێت:"ئەمڕۆ 4 ڕۆژە هێزێکی ئەمنی لەکاتی خەودا هەڵیانکوتاوەتەسەر ماڵی ڕۆژنامەنوس ڕەوا بورهان‌و لەماڵ دەبرێتە دەرەوەو تائێستاش چارەنوسی ونە، لەهەمانکاتدا چەندین پێشێلکاریی تر لەناوچەو پارێزگاکانی هەرێم ئەنجامدراوە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەمە جگەلەوەی مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر پرۆسەی ئازادی ڕادەربڕین‌و ڕۆژنامەگەری‌و پێشێلکردنی تەواوی یاسا ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەئازادی ڕۆژنامەنگەری‌و پاراستنی ڕۆژنامەنوسان".

هاوكات بژار حەکیم جێگری نەقیبی سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنوسانی کوردستان وه‌ڵامى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ى داوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"لیژنەی داکۆکی لەئازادی ڕۆژنامەنوسی‌و مافی ڕۆژنامەنوسان کە ئەم لیژنەیە سەر بەسەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی ڕاگەیه‌ندراوی هەبوو، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نوسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەکە لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێم، زمانێکی توندو تۆمەتبەخشە".

ده‌شڵێت:"ئێمە لەسەندیکا بەئەرکی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داکۆکی لەڕۆژنامەنوسان بکەین، بەڵام زمانی نوسینی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لیژنەی داکۆکی، زمانێکە پڕیەتی لەڕق‌و دووبەرەکی‌و زەقکردنەوەی کاری حزبی لەنێو سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داکۆکی لەسەر پارێزگای سلێمانی لەکاتێکدایە، کە لەهەولێرو دهۆک چەندین پێشێلکاری زەق‌و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان بونی هەیەو باسناکرێت".

جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بەمەبەست‌و ئامانجێکی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک زمان‌و بۆچونی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا نییەو ئەمجۆرە شێوازی نوسین‌و بەیاننامەیە ڕەتدەکەینەوە".

ش.هـ