حەمەی حەمەسەعید: بە هیچ شێوەیەک نەبووینەتە هەڕەشە و ناشبینیە مەترسى بۆ سەر ئاسایشى هیچ وڵاتێکی دراوسێمان

کوردستان

26/11/2022‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڤیستیڤاڵی ساڵانەی وڵاتی پۆڵەندادا وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایەگەیاند "ئێمە گەلێکی 40 تا 50 ملیۆن کەسین، بێدەوڵەتین، دابەشکراوین بەسەر تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا، بۆ ماوەى نزیکەى 100 ساڵە خەبات دەکەین و بەرگرى دەکەین بۆ مانەوە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان، وڵاتانی دراوسێ بە درۆن لێمان دەدەن و بە بێ ئەوەی ئێمە هیچ مەترسی و هەرەشەیەک بین بۆ ئەوان".

لە کۆنفرانسی  ساڵانەی وڵاتی پۆڵەندا کە بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان ساڵانە ئەنجامدەدرێت و ئەمساڵ لەژێر ناوی "كوردستان ڕووخساره‌كانی ڕزگاربوون" بەڕێوەدەچێت، حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی تێداکرد و پێشەنگای شێوەکاریی بۆ هونەرمەندانی هەرچوارپارچەی کوردستان کردوە.

لە سەرەتای ڤیستیڤاڵەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای وڵاتی پۆڵەندا وهەرێمی بیدگۆشچ ئامادەیبوون، وتارێکی پێشکەشکرد و وێرای سوپاسی سەرپەرشتیارانی ڤیستیڤاڵەکە کە ناوی ڤیستیڤاڵەکەی ئەمساڵیان لەژێر ناونیشانێکی تایبەت بە گەلی کورددا کردۆتەوە، باسی لەوەکرد " ئێمە وەک گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا، هەرێمێکی دەستوورى و یاساییمان هەیە، تورکیا و ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشمان دەکەنە سەر، بە بیانووی ئەوەى هەرێمی کوردستان مەترسییان بۆ درووست دەکات، بەڵام ئەو بیانووە ڕاست نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نەبووینەتە هەڕەشە و ناشبینیە مەترسى بۆ سەر ئاسایشى هیچ وڵاتێکی دراوسێمان.

وەزیری ڕۆشنبیری لە درێژەی وتەکەیدا کە لەدوای مەراسیمی دەستپێکی پێشەنگاکە پێشکەشیکرد ئاماژەی بەوەکرد کە "ئێمە گەلێکی 40 تا 50 ملیۆن کەسین، بێدەوڵەتین، دابەشکراوین بەسەر تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا، بۆ ماوەى نزیکەى 100 ساڵە خەبات دەکەین و بەرگرى دەکەین بۆ مانەوە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان. لەبەر ئەوەى بۆ ماوەیەکی زۆرە خاکەکەمان داگیرکراوە و کۆمەڵکوژی بەرامبەرمان دەکرێت، لە هەموو کەس زیاتر هەوڵدەدەین ئاشتیی و ئازادی و پێکەوەژیان بێتەدی".