مەلا بەختیار: یەکێتی و پارتی نەك نزیک نین لەیەك بەڵکو لاربوونەتەوە

کوردستان

26/11/2022‌ 1200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس؛
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگەیاند، بەداخێکی زۆرەوە کوردستان لەدۆخێکی نالەباردایەو تا ئێستا یه‌كێتی‌‌و پارتی رێککەوتنیان نییەو زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەکوردستاندا نییە. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌و دو حزبه‌ هەریەک بەلای خۆیدا لاربونتەوە نەک نزیک.

ئەمڕۆ شەممە بەدروشمی (ئاین بۆ تاک‌و دیموکراسی بۆ هەمووان) حەوتەمین کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان و پێنجەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگەریی لەشاری سلێمانی و بەوتاری مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، دەستپێکرد.

مەلا بەختیار له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ هه‌رێمه‌وه‌ وتی، بەداخێکی زۆرەوە کوردستان لەدۆخێکی نالەباردایەو تا ئێستا دو حزب رێککەوتنیان نییەو زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەکوردستاندا نییەو هێشتا کۆڵەگە سەرەکییەکانی سیاسەت لەکوردستاندا کە یەکێتی‌و پارتییە، هەردوکیان، هەریەک بەلای خۆیدا لاربونەتەوە نەک نزیک.

له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ عێراقیه‌وه‌ وتی‌، "عیراق هێشتا سەرۆک وەزیرانێکی تازەی هەیە، ناتوانرێ هیچ جۆرە گرێوێکی لەسەر بکرێت! هەتا شەش مانگ بۆ ساڵێک ئەم زاتە تاقینەکردێتەوەو پابەندبوونی بەدەستور، نەک بە بەڵێنی لاوەکی نەسەلمێنرێت، ناتوانرێت بوترێت ئەم سەرۆک وەزیرانە، باشترە یان سەرکەوتووترە لەسەرۆک وەزیرانەکانی تر. چونکە ژینگەی سیاسی، مەزهەبی و هێزی چەکدارو چەکداری تایبەتی عیراق، ئەو دۆخە ئابورییە تێکوپێکچووەی ئێستا و ئەو گەندەڵستانی ئێستا لەعیراقدا بەرقەرارە، هەموو پێکەوە وادەکای ئەم زاتە بەئاسانی نەتوانێت هەموو بیرە جوانەکانی خۆی، گریمان کە زۆر باشیش بێت و دیموکراتێکی عەیار (٢٤)یش بێت، لەناو ئەو ژینگە سیاسی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەی عیراق جێبەجێبکات و سەرکەوتووبێت! چونکە دەستی بەدەستی کردن بە بڕگە و مادەکانی دەستور و جێبەجێ نەکردنی مادەی (١٤٠) فەرامۆشی نەبووە! بەڵکو بە بەرنامە و بەپێکان بووە لەعیراقدا، کە نابێ ئەم مادەو بڕگانە جێبەجێ ببێت."