پرسی هەنوکەی ڕۆژهەڵات – بەشی دووەم

مەلەفی تایبەت

29/11/2022‌ 785 جار خوێندراوه‌ته‌وه


د. ڕێبوار فەتاح

لە چەند بەشێکدا – ئەمە دووەمە، پرسی گرنگی هەنوکەی رۆژهەڵات تاوتوێ دەکەم.

سروشتی ڕێکخراوێك کە پرسی ڕۆژهەڵات پێش دەخات؟
تەنیا رۆژهەڵات نیە، هەموو سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان لە قەیراندایە. زۆر سەختە قنیات بە خەڵك، بە تایبەتیش لاوان، نەوەی میدیای نوێ – ئینتەرنێت، تۆڕی کۆمەڵایەتی و مۆبایەل، بهێنین بەشدار بن لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆدا، کە چەند کەسێك پێشڕەوین، دەتوانن زۆربەی بۆچوونی دیکە فەرامۆش بکەن و ئەوە بڕیارە بدەن کە خۆیان دەخوازن.  ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هاتووەتەپێش، پێویست ناکات سیستمێك دابهێنینەوە کە لە شکسدایە، دەکرێ بۆ پێشەوە بچێ.
چ جۆرە ڕێخستنێك پێویستە؟ ڕێکخراو و گردبوونەوە دەبێ لە ئاست ژیانی ئەمڕۆدا بێ. پرسەکە ئەمەیە: ئەمڕۆ لە چ روویەکەوە لە دوێنێ جیاوازە؟ لەودەمەوە حزبی کوردی تێدا دامەزراوە – کە دەگەڕێتەوە بۆ نێوەندی سەدی پێشوو، گۆڕانکاری گەلێك زۆر لە ژیان و هزر، سیاسەت و کۆمەڵ، تەکنەلۆجی و کۆمیونیکەشندا ڕوویان داوە. هەروەك گۆڕانکاری گەورە لە سیستمی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئیداری نێودەوڵەتیدا بووە. جیهان زۆرتر یەکی گرتووە. ئەمانە هەموو کاریگەر بوون لەسەر ژیان، کەچی حزبی کوردی هەر لە جێی خۆی قەتیسە.
لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆدا، ناکرێ رۆڵی میدیای نوێ – ئینتەرنێت، تۆڕی کۆمەڵایەتی و مۆبایەل، فەرامۆش بکرێ. ئامانجی ڕێکخستنی ژیان لە کۆمەڵیکی کراوەدا وەك ئەوانی خۆرئاوا، بەر لەم داهێنانە، بەشداریکردنی زۆربە بوو لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵدا. ئەمەش کارێکی ئاسان نەبووە. بۆ نمونە پەڕلەمان هەڵبژێردراوە تا هێندەی دەکرێ، نوێنەری دەنگی زۆربەی خەڵك بێ. هەروەك حزب بنکەی کۆمەڵایەتی هەبووە و دەستەیەکی کەم بەڕێوەی بردووە. ئەمانە هیچی بێ خەوش نەبوون. بۆ نمونە، دوای هەڵبژاردن، نوێنەر نەکراوە بەردەوام بۆچوونی دەنگدەرانی ببیستی. ئەمەش کێشەی خستووەتە نێوان دەنگدەر و نوێنەرەوە. دەسەڵات لە کۆمەڵ جودا بووەتەوە. لە کۆمەڵێکی داخراوی وەك ئەو وڵاتانەی کوردستانیان لەخۆگرتووە، گرفت گەلێك لەوی خۆرئاوی کراوە سەختتر بووە. میدیای نوێ دەروویەکی تازەی لە بەشەکانی کوردستان کردووەتەوە. بۆ نمونە چالاکێکی خۆرهەڵاتی کوردستان دەتوانێ بەشێك بێ لە گردبوونەوەیەك کە سەرتاسەری جیهانی بە میدیای نوێ چنیووە، پێویست ناکات پەیوەندی فیزیکی بە کەسیشەوە هەبێ.
ئەمڕۆ میدیای نوێ دەرفەتی بۆ بەشداری کارای زۆرترینمان ڕەخساندووە، دەتوانین لە زۆر بواری ژیاندا بەشداری ڕێکخستنی کۆمەڵ بکەین. ئەمە تەنیا شۆڕش نەبووە لە میدیادا، بگرە وەرچەرخانێکی مەزنە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. چی گۆڕیووە؟  چەند نمونەیەك دەهێنمەوە. ئەم سیستمە رۆڵی گەورە و کارا دەدات بە کەسی ئاسایی و لە ڕۆڵی سەرکردە کەم دەکاتەوە. خۆ ڕەنگە زۆربەی کەس کە ئەمڕۆ ناویمان لا مەزنە، بگەڕێتەوە بۆئەوەی کەسانی دەوروبەریان لای ئێمە گەورەیان کردوون. خۆیان بۆ خەڵکی ئاسایی بەردەست نەبوون. ئاخر لە سیستمی پێشوودا، سەرکردە لە پشت چەندین توێژ خەڵکەوە پارێزرابوو. ئەمڕۆ میدیای نوێ – یوتیوب، ئینستۆگرام، تیکتۆك، تد، چەندین پاڵەوانیان دروست کردووە کە وەکیدی کەس نەیدەناسین.
لەم سیستمە نوێیەدا، دەوڵەت لە هەموو ئاکارێکدا و ڕێکخراو و گردبوونەوەی هەموو بوارێك، سەرلەنوێ ڕێكدەخرێتەوە. ئەم ڕێکخستنە ڕۆڵی پاڵەوان زۆر کەم دەکاتەوە و بایەخ بە هەمووان دەدات. ئەمەش پێناسەی سەرکردە و ئەندام دەگۆڕێ و ڕۆڵیان لێك نزیك دەکاتەوە. هەروەك پێکهاتەی ڕێکخراو دەگۆڕێ؛ لە یەکیەکی توندوتۆڵی فیزیکی هەرەمیەوە بۆ یەکێك خەڵك تەنیا لە پانتایی سایبەردا بە بنەما پێکەوە لکاون و هاوکات کار بۆ هەمان ئامانجیش دەکەن. ڕابەر، سەرۆك، ڕێکخەری گشتی و لەو جۆرە سەرکردانەی نیە. زۆرتر سمبوڵی مۆڕاڵ و ڕابەری نمونەیان هەیە. ئامانیش ڕەنگە لەنێو ڕێکخستندا، ڕەنگە هیچ دەسەڵاتێکیان نەبێ، تەنیا هێما بن. حزب پێکهاتەی هەرەمی نابێ.
ژیانی ئەمڕۆ دەرفەت دەدات، بە ڕێی میدیای نوێدا، ڕێڕەوی کارکردن دیاری بکرێ، ئیدی کەسی چالاك خۆی بەردەوام دەبێ لە بەدوداچوونی ئامانجی ڕێکخراوێکدا. هەر ئێستا زۆر ڕێكخراوی مرۆڤدۆست و ژینگەپارێز لە ئەوروپا بەم ڕێیە کاردەکەن، هەرەمی نین، تەختن. تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەو سەکۆیەیە توانای داونەتێ، بۆ نمونە، یەکێك لەم گردبوونەوانە لەپڕێکدا، وەك پڕۆتێست بۆ ژینگەپاراستن، هەموو سێنتەری لەندەن دادەخەن، گەلێك کاریگەرن، بەبێ ئەوەی دەسەڵات هیچی پێ ناکرێ. ئەمە توانایەکی گەلێك مەزنە بۆ دامەزراندن و کاری ڕێکخراوی هاوچەرخ، کە میدیا پێمان دەبەخشێ.
هەموو گردبوونەوەیەکی نوێ پیویستە میدیای نوێ بکات بەو پلاتفۆڕمەی کاری خۆی تێدا ڕێکدەخات، ئەمەش بە تایبەت بۆ ڕێکخستنێكی نێو کۆمەڵێکی داخراو و داپڵۆسەری وەك ئێران زۆر کاریگەرە. وەکیتر ڕێکخستن کارا دەکات و دیبەیتیش سانا.
ئەم جۆرە ڕێکخستنە بۆ هەموو بەشێکی کوردستان کاریگەرە. هەڵبەت بۆ ڕۆژهەڵات پرسی هەنوکەیە، کە پێویستە پێکهاتەیەکی کارای ڕێکخستن لەنێوان ڕەوەندی تاراوگەی پەرشوبڵاو و ڕۆژهەڵاتدا دابمەزرێنێ بۆ بە یەکخستنی دەنگ و هاوئامانج بوون. پێویستیان بە حزبی تەقلیدی نیە، کە نە پەیوەندی کارای بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە هەیە، نە ئاگاداری نەریت و قانونی خۆرئاوایە. ئەمڕۆ چارەسەری پرسی ئێران، هێندەی لە ناو خودی خۆیدایە، هێندەش لە دەرێتی، لە خۆرئاوایە. ئەمەش کاری ڕێکخراوێك کە میدیای نوێی کردووە بە پلاتفۆڕمی کاردن، کاراتر و بەبایەختر دەکات.