لە نەخۆشخانەیەکی موسڵ رووداوێکی سەیر روویداوە

عیراق

30/11/2022‌ 1938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
منداڵێکی عێراقی کە بەمەبەستی چارەسەرکردن لە بەشی دەمار لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئیبن سینا لە موسڵ چارەسەری بۆ دەکرا، بە ئایدزەوە نەخۆشخانەی جێهێشت.
زەکەریا شەمێل-ی (٤ ساڵ) بۆ چارەسەری چووەتە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە شاری موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە باکوری عێراق و بە نەخۆشی ئایدز دەرچووە دەرەوە.

منداڵەکە لە بەرزاییەوە کەوتبووە خوارەوە، بۆ چارەسەر پێویستی بە خوێن بووە، بەڵام کەمتر لە ٤ مانگ دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، نیشانەکانی نەخۆشی کەمیی بەرگری لەش-ی تێدا سەریهەڵدا.

کاتێک پشکنینی تاقیگەیی بۆ ئەنجامدرا، دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسی کەمیی بەرگرییە، ئەمەش خێزانەکەی تووشی شۆک کرد، بۆ گەڕان بەدوای ئەوەی کە چۆن ئەم ڤایرۆسە گەیشتە ئەم منداڵە، بەو پێیەی ئەم نەخۆشییە تووشی گەورەکان دەبێت، چونکە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان، پەیوەندی سێکسییە، پشکنین بۆ هەموو ئەندامانی خێزانەکەی ئەنجامدرا و ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بوو، کە ئەوان هەڵگری ئەم ڤایرۆسە نین، پاشان گەڕان بەردەوامبوو بۆ هۆکارەکانی گەیشتنی ڤایرۆسەکە بەم منداڵە بێتاوانە.

لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت ئەو خوێنەی بۆ منداڵەکە گوازراوەتەوە هەڵگری ڤایرۆسی HIV واتە ئایدز بووە، بەخشەرەکە نەیزانیوە کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

د. ویجدان ئاماژەی سەرۆکی یەکەی کەمی بەرگری لە تەندروستی گشتی لە نەینەوا بەوەشکرد، تووشبووان بەڵێننامە واژۆ دەکەن کە هەوکردنەکە نەگوازنەوە بۆ کەسانی تر بە بەکارنەهێنانی ئامێری ڕیش تاشین و فڵچەی ددان و تەنانەت نەچوونە هیچ کلینیکێکی ددان.

لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە موسڵ، دکتۆر فایز ئیبراهیم ئەلحەمدانی، باس لەوە دەکات، ئەو کەسەی خوێنی بەخشیوە هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبووە، لەڕێگەی چاندنی قژەوە بۆی گواستراوەتەوە لە دەرەوەی عێراق.

ئەلحەمدانی ئاماژەی بەوەدا کە هەستیاری دەستنیشانکردنەکە 65-70%ی ڤایرۆسەکە دەستنیشان دەکات، هەروەها 30% لە کاتی پشکنینی پێش خوێنگواستنەوە دەرناکەوێت.

جەختیشی لەوە کردەوە کە منداڵەکە زەکەریا شەمێل چووەتە بەشی نەشتەرگەری دەمار لە نەخۆشخانە، بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت دوای ئەوەی لە بەرزاییەکەوە کەوتووەتە خوارەوە، بارودۆخەکەی پێویستی بە گواستنەوەی خوێن هەبووە و دوای چارەسەرکردنی باشتر بووە، بەڵام دوای 3 مانگ سەرمان سوڕما بە تووشبوونی منداڵەکە بە ئایدز.

نەخۆشخانەی فێرکاریی ئیبن سینا لە موسڵ، لە ساڵی ١٩٧٤ دامەزراوە و ڕۆژانە نزیکەی ٣ هەزار سەردانکەر وەردەگرێت.

داوای قەرەبووکردنەوە
منداڵەکە بێبەشبوو لە یاریکردن لەگەڵ هاوتەمەن و کەسوکارەکەی، لە هەموو شتێک قەدەغە بوو، پزیشکەکانی موسڵ ڕەتیانکردەوە چارەسەری بکەن یان لێی نزیکببنەوە، دایک و باوکی منداڵەکەش (زەکەریا شامیل) بێزار بوون لە داواکاری قەرەبووکردنەوە لەکاتێکدا سەیری کوڕەکەیان دەکرد تووشی مردنێکی خاو دەبێت.

شەمیل ئەحمەد، باوکی منداڵەکە، ئامادە نەبوو هیچ وردەکارییەک لەبارەی ڕووداوەکەوە بخاتەڕوو، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی سکاڵای پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی عێراق کردووە، هیچ قەرەبوویەکی لە حکومەت وەرنەگرتووە و منداڵەکە بووەتە قوربانی.

دوای ئەم ڕووداوە، کە تیایدا منداڵەکە بەناوی زەکەریا شەمێل لە ئەنجامی دواکەوتنی دۆزینەوەی ڤایرۆسەکە گیانیلەدەستدا، تەندروستی نەینەوا “کۆمبۆ تێست”ی دابینکرد، کە خێراترە لە پیشاندانی ئەنجامەکان ئەگەر کەسەکە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت، بەجۆرێک کە لە هەفتەکانی یەکەمی پشکنینەکە دەربکەوێت، بەپێی ئەوەی جاسم ئاماژەی پێکردووە، داوای لە هاوڵاتیان کردووە گواستنەوەی خوێن کەم بکەنەوە مەگەر زۆر پێویست نەبێت، بەڵام حاڵەت هەیە کە پێویستی بە گواستنەوەی خوێنی مانگانە هەیە، وەک نەخۆشانی هیمۆفیلیا.