به‌غدا ڕازیبوو به‌ناردنى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم

کوردستان

30/11/2022‌ 14343 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندی باڵای حکومەتی هەرێم چەند ڕۆژێکە لەبەغدایه‌ بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، ئه‌مڕۆش هه‌ردوو شاندى باڵای حكومه‌تی هه‌رێم‌و حكومه‌تی فیدراڵی كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگیان ئه‌نجامدا، شارپرێس زانیاریی گرنگ له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئاشكراده‌كات، زانیاریی ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتوه‌، به‌غدا ڕازیبوه‌، به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ڕه‌وانه‌ بكات.


بەگوێره‌ى کۆتا ڕاگەیەنراوی شاندەکە کە کەمێک پێش ئێستا بڵاویانکردەوە باس لەوەکراوە، چەند پرسێکی سەرەکی لەگفتوگۆکانی چەند ڕۆژی ڕابردو باسکراون کە گرنگترینیان بابەتی بودجەو نەوت‌و داهاتی دەروازە سنوریەکان بوە.

شارپرێس لەسەرچاوەیەکی باڵای نزیک لەشاندەکەوە زانیاری گرنگى دەستکەوتوە، كه‌ شانده‌كه‌ هەر لەسەرەتای گفتوگۆکانەوە داوای لەسەدا 17ی پشکی هەرێمیان کردوە له‌بودجه‌ى گشتى عێراق‌و پێداگربون لەسەر ئەو داوایە.

سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، لەبەرامبەردا شاندی عێراق ڕەزامەندییان نیشانداوە بەپێدانی لەسەدا 14ی بودجە بەهەرێمی کوردستان، بەمەرجی ئەوەی کۆی داهاتی ناوخۆو خاڵە سنوریەکان‌و هەر داهاتێکی تریش کە لەهەرێم کۆدەکرێتەوەو بدرێتە حکومەتی فیدراڵ‌و داخڵ بەداهاتی گشتی بکرێت، هاوكات داواشیانكردوه‌، نه‌وتى هه‌رێمیش له‌ڕێگه‌ى به‌غداوه‌ هه‌نارده‌ى بازاڕه‌كانى جیهان بكرێت.

بەگوێره‌ى ئەو خەمڵاندنانەی کە بۆ بودجەی ساڵی داهاتوی عێراق کراوە، بڕی بودجەی خەمڵێنراو بریتییە لە150 ترلیۆن دینار، ئەو پارەیەی کە شاندی حکومەتی هەرێم داوایکردوە دەکاتە 25 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار کە مانگانە دەکاتە دوو ترلیۆن‌و 125 ملیار دینار.

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، "ئەگەر ئەو لەسەدا 14یەش جێگیربکرێت وه‌كو پشكى هه‌رێم کە شاندی عێراق ڕەزامەندیان لەبارەوە داوە، ئەوا پشکی هەرێم زیاتر لە 21 ترلیۆن دینار دەبێت کە مانگانە دەکاتە یەک ترلیۆن و 750 ملیار دینار".

ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لەدوو ساڵە حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان ئەنجامداوەو حکومەتی عێراق مانگانە بری 200 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردوە، ئەگەرچی چەند مانگێکی زۆره‌ ئەو بڕەش ڕەوانە نەکراوە.

شارپرێس بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر گفتوگۆکان، پەیوەندیی بەدوو ئەندامی شاندەکەوە کرد، به‌ڵام هیچیان وەڵامیان نەدایەوە، له‌به‌رامبه‌ریشدا شارەزایەکی بوارى ئابوری بەشارپرێسی وت، "ئەگەر ئەو گفتوگویانەی کراوەو حکومەتی هەرێم بەمەرجەکەی شاندی عێراقی ڕازی بێت، بۆ هەرێم هەنگاوێکی زۆرباش دەبێت‌و ئابوری هەرێم دەبوژێتەوە".

شاره‌زاى ئابوریه‌كه‌ ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "بەهەموو پێوەرێک هەرێم دۆخی لەئێستا باشتر دەبێت‌و پێویستە سەرجەم داهاتەکانی ناوخۆو خاڵە سنوریەکان بداتە حکومەتی عێراق لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو پشکەدا کە زۆر زیاترە لەپێویستییە داراییەکانی کە هەرێم بۆ بودجەو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویستییەتی‌و حکومەت دەتوانێت بەو پارەیە گەشەیەکی بەرچاو بەهەرێمی کوررستان بدات".

ش.هـ