قەیس خەزعەلی وەڵامی بارزانی دەداتەوە

کوردستان

25/01/2023‌ 4277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
پاش ئەوەی مەسعود بارزانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی بە (محکمە سەورە)ی سەردەمی سەدام حسێن وەسفکرد، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلولحەق وەڵامیدەداتەوە و دەلێت "رەتیدەکەینەوە زیادەڕەوی بۆ سەر دادگا بکرێت).

دواى په‌یامه‌كه‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى دژى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌یامێكى توندى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "جێگەی داخە جارێكی تر دادگای فیدراڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نیشانداو ڕێگریكرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیاربوو بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێ".
لە وەڵامدا قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلولحەق رایدەگەیەنێت "ھەر زیادەڕۆیی و ھێرشێک بۆ سەر دادگای فیدڕاڵی و دامەزراوەکانی بەتوندی ڕەتدەکەینەوە".
خەزعەلی لە تویتێکیدا لەمبارەوە دەڵێت "تاکە رێگە بۆ سەقامگیریی دەوڵەت، پابەندبوونە بە دەستورەوە، دەشڵێت دەبێت بە دووربین لە دەمارگیری و هەر گرفتێک بە دایالۆگ دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە".
وه‌كو مه‌سعود بارزانى له‌په‌یامه‌كه‌یدا وتویه‌تى، "جێگەی سەرسوڕمانە هەركات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا دروستبوبێت‌و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگای فیدراڵی كاری بۆ تێكدانی كردوەو بەبڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەباربردوەو بۆتە هۆی ئاڵۆزتربونی كێشەكان".
دەشڵێت "دیارە دادگای فیدراڵی، ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێدەكات‌و جێگەی دادگای شۆڕش (محكمة الثورة)ی ڕژێمی پێشوی گرتۆتەوە".