سولیڤان: بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ چاوەڕێی قسەی حەماسین

جیهان

10/06/2024‌ 151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا داوای لەبزوتنەوەی حەماس کرد کە بەپێشنیازی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕازی بێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەکەرتی غەززەو ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.


جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەکۆتایی مانگی ڕابردودا ئەو پێشنیازەی ئاشکراکردو ئاماژەی بەوەدا، پلانەکەی بۆ ئاشتیی لەکەرتی غەززە، سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕو ئازادکردنی بارمتە ماوەکانی ژێر دەستی حەماس.

سولیڤان لەچاوپێکەوتنێکدا لەکەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی، “کاریگەرترین ڕێگە بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێکی گشتگیرە بۆ ئاگربەست‌و ئازادکردنی بارمتەکان، وەک سەرۆک بایدن چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە ئیسرائیلیەکان پلانەکەیان قبوڵکردو ئێستا چاوەڕێی قسەی حەماسین".

هەروەک وتویەتی:"ئەگەر حەماس بۆ ئەم ڕێککەوتنە بڵێت بەڵێ، ئاگربەست دەکرێت‌و بارمتەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان، هاوکاری مرۆیی زیاتر دەڕژێتە غەززەو قۆناغێکی باشتر بۆ گەلی فەڵەستین دەستپێدەکات.

لێدوانەکانی سولیڤان ڕۆژێک دوای کۆمەڵکوژی نوسیرات دێت کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا، کە لەئەنجامدا 4 بارمتە ئازادکران، لەکاتێکدا زیاتر لە 270 فەڵەستینی کوژران‌و زیاتر لە 400ی دیکەش لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا برینداربون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ وەختی کات بەفیڕۆدان نییە، داوا لەحەماس دەکەین بەو ڕێککەوتنە ڕازی بێت، کە ئیسرائیل پێی ڕازیی بوە.