بۆ یه‌كه‌مجار عێراق نهێنیه‌ك له‌باره‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى توركیاوه‌ ئاشكراده‌كات

عیراق

08/07/2024‌ 2489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگیی لەنێوان بەغداو ئەنكەرە دەکرێن، هاوكات هه‌ڵوێستى كابینه‌كه‌ى سودانى به‌رامبه‌ر پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) ئاشكراده‌ده‌كات.


ئیبراهیم سومەیدعی ڕاوێژکاری محه‌مه‌د شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق چاوپێکەوتنێکی له‌گه‌ڵ تەلەفزیۆنی "دیجلە"ی عێراقی ئه‌نجامداوه‌و له‌و به‌رنامه‌یه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار زانیارییه‌كى گرنگى ئاشكراكردو وتى:"هەماهەنگیی لەنێوان بەغداو ئەنكەرە دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستى حكومه‌ته‌كه‌ى سودانى به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌، ڕاوێژکارەکەی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق وتى:"پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئۆپەراسیۆنی تاوانکاریی دەکات‌و حکومەتی عێراقیش وەکو ڕێکخراوێكى تیرۆریستی ناساندویەتی".

ئه‌م په‌یامه‌ى ڕاوێژكاره‌كه‌ى سودانى له‌كاتێكدایه‌، پێشتریش، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا وتبوى، "عێراق بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگەو دەمانەوێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا ڕوبەڕوی پەکەکە ببنەوە، دۆخی ناسەقامگیریی عێراق لەبەرژەوەندیی پەکەکەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بوە بۆیە بەردەوامییان بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داوە".

فیدان ئه‌وه‌شى وتوه‌، "پەکەکە لەتورکیا تەنانەت یەک سانتیمەتریش زەویی کۆنترۆڵنەکردوە لەکاتێکدا لەعێراق‌و سوریا چەندین ناوچەی خستوەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی".

لەچەند هەفتەی ڕابردودا، سوپای تورکیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەدژی پەکەکە، لەسنوری قەزای ئامێدی چڕکردوەتەوەو بەهۆیەوە دەیان دۆنم زەوی هاوڵاتییانی دەڤەرەکە سوتاون.

ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیاو پەکەکە لەساڵی 1984وە تاوەکو ئێستا بەردەوامە؛ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن عێراق، تورکیا، ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپاوە بە"ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناسێندراوەو بەگوێره‌ى ئامارە نافەرمییەکانیش، لەئەنجامی شەڕو ئاڵۆزییەکانی، زیاتر لە 60 هەزار کەس لەهەردولا کوژراون.

دروستکردنی مۆڵگەو بارەگاکانی پەکەکە لەناوچە سنورییەكانی ھەرێم‌و شەڕی بەردەوام لەگەڵ سوپای تورکیا، تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 800 گوندو چەندان ناوچەی گەشتیاریی لەسنوری هەرێمی کوردستان خاپورو چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بەکەرتی گەشتیاریی‌و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندوە.