پێشنیاری بەستنى میساقی شه‌ره‌ف دەکرێت له‌نێوان لایه‌نه‌كان بۆ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی

کوردستان

10/07/2024‌ 182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

له‌شاری هه‌ولێر وۆركشۆپێك لەلایەن دەستەى دەستپاکى هەرێمەوە ده‌رباره‌ی به‌هێزكردنی ده‌ستپاكی پارته‌ سیاسییه‌كان و پێشنیاری میساقی شه‌ره‌ف له‌نێوان لایه‌نه‌سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، بەڕێوەچوو.

ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێمی كوردستان به‌هاوكاری به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان UNDP و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وۆرکشۆپێک ڕێکخرا، کە‌ ئامانج لێی جێبه‌جێكردنی ستراتیژی نیشتمانی ڕ‌ووبه‌ڕ‌ووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ده‌ستپاكی بوو له‌نێوان پارته‌ سیاسییه‌كاندا.

له‌ وۆركشۆپه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی داڕ‌شتنی میساقی شه‌ره‌ف بۆ خۆڕ‌ێكخستن و ڕ‌استكردنه‌وه‌ی ڕ‌ه‌فتاره‌كان بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی ده‌ستپاكی و شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌.

هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ دامه‌زراندنی تێگه‌یشتنێكی باشتر له‌گرنگی ڕ‌ه‌وشت له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاروباری گشتی، ناساندنی بیرۆكه‌ی ده‌ستپاكی حزبی، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری سه‌باره‌ت به‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ ڕ‌ووبه‌ڕ‌ووی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بنه‌وه‌ له‌ پرسی گه‌نده‌ڵی كرایه‌وه‌.