وه‌فدێكى باڵاى ئه‌منیى عێراق گه‌یشته‌ هه‌ولێر

کوردستان

11/07/2024‌ 4235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌فدێكى باڵاى ئه‌منیى عێراق گه‌یشته‌ هه‌ولێرو زانیاریه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، هاتنى ئه‌و وه‌فده‌ باڵا ئه‌منیه‌ى عێراق بەسەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ تاووتوێکردنی لەشکرکێشی تورکیایه‌ بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

 
به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كان، وه‌فده‌ باڵاكه‌ى عێراق قاسم ئه‌عره‌جى ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات‌و سه‌ردانى هه‌ولێری وه‌فده‌كه‌ش لەسەر داوای محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوه‌.

دوێنێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبوەوەو هێرشەکانی تورکیای لەنێو عێراق‌و هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، دەبێت تورکیا ڕەچاوی دراوسێیەتی باش بکات، بڕیاریشیدا وه‌فدێك بەسەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێم بنێرێت بەمەبەستی "یەکخستنی هەڵوێست".
 
ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ژمارەیەک لەوەزارەت‌و دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، محه‌مه‌د شیاع سودانی كه‌ هه‌م سەرۆک وەزیران‌و هه‌میش فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقه‌، سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.
 
دوێنێ دواى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوكرایه‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوا لەسەرجەم لایەن‌و هێزە نیشتمانییەکان ده‌كات پشتیوانیی لەهەڵوێستی حکومەت لەوبارەیەوە بکەن، چونكه‌ جەختده‌كه‌ینه‌وه‌ لەسەر ڕەتکردنەوەی هاتنەناوەوەی سەربازیی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق، پێویستە لەسەر تورکیا ڕەچاوی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش‌و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات‌و لەهەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگیی لەگەڵدا بکات".