دوای مشتومڕێکی بەردەوام لەسەر دانانی شوێنگرەوەیەك بۆ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس، سەرئەنجام کەمێك پێش ئێستا یەحیا سینوار وەکو جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە دەستنیشان کرا و بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس. سینوار ئەو پیاوەی عەقڵی پلانداڕێژەری هێرشەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی سەر ئیسرائیل بوو، پیاوێك کە لەبەردەم کامێراکاندا وتی "هەرچیمان وویست بەشەق لە ئیسرائیلی دەسەنین".. لەم ڕاپۆرتەی شارپرێس بە ژیان و بیرکردنەوەی ئاشنا بە.
یەحیا سینوار.. لە زیندانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی حەماس
سینوار کێیە؟
دواى نزيكەى (40) ساڵ لە ئەزموونى مامەڵەکردنى ئیسرائیل لەگەڵ یەحیا سینوار، سەرکردەى بزووتنەوەى حەماس لە غەزە، خوێندەوەیان بۆ ئەو کەسایەتییە هەڵە بووە، ئەوەش پێشەکیەکە بۆ گەورەترین شکستى هەواڵگرى ئیسرائیلى، ئەوەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی.
مايكل ميليشتاين، ئەفسەرى پێشووى هەواڵگرى سەربازى ئیسرائیلى و پسپۆڕ لە کاروبارى فەڵەستین بەو رۆژنامە بەریتانیەى رایگەیاندووە، هەرگیز لە سینوار تێنەگەیشتین.
لەدواى هێرشەکانى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سینوار بووە ئامانجى سەرەکى هێرشە سەربازییەکانى سوپاى ئیسرائیلى بۆسەر کەرتى غەززە.
بەدواى هەڵگیرسانى جەنگى حەماس ــ ئیسرائیل، تەلئەبیب رایگەیاند، سینوار سەرۆکى مەکتەبى سیاسى حەماسە لە غەززە، محەمەد زەیف پسپۆڕى سەربازى ئەو بزووتنەوەیە، بە فەرماندەى هێزەکانى حەماس دادەندرێت، ئەو دووە سەرەکیترین ئامانجەکانى سوپایە لەو جەنگە.
سينوار بەرپرسیارێتى زیاترى هێرشەکانى مانگى ئۆکتۆبەری ڕابردووی لەئەستۆیە، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو پیاوە مردووە لەسەر زەوى دەڕوات.
ئیسرائیل لە کۆتایى هەشتاکان سینوار دەستگیر دەکات، ئەوەش کاتێک ئەو بزووتنەوە لە غەززە دەرکەوت. سینوار یەکێک بوو لەو کەسانەى لە (2011) لەگەڵ جەلعاد شالێت، سەربازى ئیسرائیلى ئاڵوگۆڕى پێکرا. كاتێکیش دەستگیر دەکرێت، رۆڵى تایبەتى دەبێت لەناو زیندانەکان لە دۆزینەوەى ئەو فەڵەستینیانەی هاوکاری ئیسرائیلیان دەکرد. ميخا كوبى، ئەفسەرى لێکۆڵەر لە دەزگاى هەواڵگرى ناوخۆیى ئیسرائیل (شاباک) لە (1989) لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سەرکردەى حەماس دەکات، لەو لێکۆڵینەوە دان بەوە دادەنێت کە خەڵکى کوشتووە، ئەوەش لە لووتکەى راپەڕینى یەکەمى فەڵەستین بوو، کوبى ئەو کاتە ئەفسەر بوو لە شاباک، سەرقاڵى دۆزینەوەى ئەندامانى حەماس بوو، کە ئەو کاتە گرووپێکى ئیسلامیى بچووکى چەکدار بوون. هەڵسەنگاندنى دەروونى بەگوێرەى هەڵسەنگاندنى هەواڵگرى ئیسرائیلى ئەو کاتەى سینوار لە زیندان بووە، کەسێکى توندى خاوەن متمانەى کاریگەرى قبووڵکراو بووە لەلاى هاوڕیکانى.
جگە لەوەش سینوار خاوەن توانایەکى نائاسایى بەرگەگرتن و فێڵ و یارى بووە، کە کەم رازى بووە، پارێزگارى لە نهێنییەکان کردووە، تەنانەت پارێزگارى لە نهێنیەکانى لەنێوان زیندانییەکانیش کردووە. ئەو سەرکردەى حەماس ئێستا تەمەنى (62) ساڵە، لەسەرەتاى هەشتاکان بۆ یەکەمجار لەسەر گۆڕەپانى سیاسى دەرکەوت، ئەوکاتە راوێژى دەدا بە ئەحمەد یاسین، دامەزرێنەرى بزووتنەوەى حەماس.
سینوار ماوەى (20) ساڵ لە زیندانەکانى ئیسرائیل بوو، زمانى عبرى فێربوو، لە دیدارێکى تەلەفیزیۆنى لەگەڵ کەناڵێکى ئیسرائیلى قسەى پێ کرد و وتى، لەبرى جەنگ پێویستە خەڵکى ئیسرائیل هان بدرێت پاڵپشتى ئاگربەستى درێژمەودا لەگەڵ بزووتنەوەى حەماس بکەن، دانى بەوەش دانا کە ئەوان تواناى لەناوبردنى ئیسرائیلیان نییە.
هەر لەو دیدارە سینوار وتى، ئێمە دان بە دەوڵەتى ئیسرائیل نانێین، بەڵام ئامادەین ئاگربەستى درێژخایەنیان لەگەڵ بکەین بۆ نەوەکانمان و نەوەى دەهاتووە، لەو قۆناغەى ئاگربەست ئەو ناوچەیە بگاتە هێوربوونەوە و گەشەکردن.
لەو راپۆرتەدا رۆژنامە بەریتانیەکە گفتوگۆى لەگەڵ كەسێكى دەرەوەى ئيسرائيل كردووە كە ئەزموونێكى زۆرى لەگەڵ سينوار هەيە، وتوويەتى، سينوار خاوەنى سەركەشيەكى گەورەيە، لە رووى كۆمەڵايەتييەوە نەخۆشە، ئەوەش وەك سوكايەتى نييە، سينوار ئامادەيە دەيان هەزار كەس و زياتريش لەو ژمارەيە بكاتە قوربانى بۆ بەديهێنانى ئامانجەكانى.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، سینوار هەمیشە خواستی ئەوەی هەبووە کەسی ژمارە یەکی حەماس بێت و قبووڵی نەبووە کەس لە سەروو ئەوەوە سەرۆك بێت.