سبه‌ینێ چواره‌م كۆبونه‌وه‌ى ئه‌منى عێراق‌و توركیا له‌ئه‌نكه‌ره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

عیراق

14/08/2024‌ 7456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ سبەینێ پێنجشەممە، چوارەمین کۆبونەوەی میکانیزمی ئەمنیی لەنێوان لیژنەی باڵای تورکیاو عێراق لەئەنكەرە بەڕێوەدەچێت، له‌عێراق فوئاد حسێن‌و له‌توركیاش هاكان فیدان سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوە دەیپلۆماسییەکانەوە دەستکەوتون، ئامانجی کۆبونەوەکە کە بەسەرپەرشتیی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت، بەردەوامیدانە بەهاوکارییەکانی نێوان تورکیاو عێراق لەچوارچێوەیەکی دامەزراودا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 11ى ئه‌م مانگه‌، لیژنەى باڵاى ئەمنیى عێراق بەسەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران‌و وەزیرى دەرەوەو بەئامادەبونى ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێم کۆبووەوە، له‌ڕاگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەی عێراقدا ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو، لەکۆبونەوەکەدا تاووتوێی ئامادەکارییەکانی سەردانی لیژنەکە بۆ تورکیا کراوە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش، سەبارەت بەبەردەوامی دیدارەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆیان ڕاگەیاند، "ڕاگەیاندنی پەکەکە بە ڕێکخراوی قەدەغەکراو هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانین بەتەواوی بەڕێکخراوی تیرۆریستیی ڕابگەیەندرێت".

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باسیان له‌وه‌كردوه‌، توركیا سبه‌ینێ فشار له‌سه‌ر عێراق دروستده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ى به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ڕێكخراوى قه‌ده‌غه‌كراو بۆ تیرۆریستى بگۆڕێت.