وەزارەتی ڕۆشنبیری لەبارەی ڕاگرتنی پەخشی چەند کەناڵێکەوە ڕونکردنەوە دەدات

کوردستان

14/08/2024‌ 1013 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لەڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان ڕەتیكردەوە هیچ كەناڵێك لە لایەن وەزارەتەوە پەخشی ڕاگیرا بێت و ڕایگەیاند، ئەو كەناڵانەی مۆڵەتی كاركردنیان نییە، كۆمپانیاكانی پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان، پەخشیان ڕاگرتوون، تا ئەو كاتەی مۆڵەت وەردەگرن، یان مۆڵەتەكانیان نوێ دەكەنەوە.

لە ڕونكردنەوەكەدا هاتووە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، بڕیاری داخستنی هیچ كه‌ناڵێكی نه‌داوه‌. بۆ ئاگاداری و زانینی گشت لایه‌ك، بۆ په‌خشكردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان، له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی فریكوێنسی، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان مۆڵه‌تی كاركردنی به‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك داوه‌، وه‌كوو وه‌زاره‌ت داوامان له‌ كۆمپانیاكانی بواری په‌خشكردنه‌وه‌ كردووه‌، نابێ هیچ كه‌ناڵێكی ناوخۆیی به‌بێ مۆڵه‌ت په‌خش بكات.

دەشڵێت، هه‌ر كه‌ناڵێك له‌ ئێستادا گه‌ر په‌خشه‌كه‌ی له‌ سێرڤه‌ری خزمه‌تگوزاریی كۆمپانیاكان ده‌رهاتبێت، دیاره‌ مۆڵه‌تی نییه،‌ یان مۆڵه‌تی نه‌بووه‌. گه‌ر هه‌ر كه‌ناڵێك مۆڵه‌تی هه‌یه‌ و گرفتی یاسایی نییه‌، با په‌یوه‌ندیی به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ بكات تا كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.