توێژینەوەیەکی ئەم دواییە دەریخستووە کە زیادەڕۆیی لە خواردنی خوێ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە تا 41% زیاد دەکات.
توێژینەوەکە لەلایەن پسپۆڕانی خۆراک لە سەنتەری تەندرووستیی گشتیی لە زانکۆی ڤیەننا ئەنجامدراوە و پێداچوونەوەی بە داتای 471 هەزار و 144 کەسی پێگەیشتوو لە بەریتانیا کردووە لە ماوەی 11 ساڵدا.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە بڕێکی زۆر خوێیان بۆ خۆراکەکانیان زیاد کردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە خوێ بە شێوەیەکی مامناوەند یان کەم بەکاردەهێنن.
ئەم ئەنجامانە توێژینەوەکانی پێشوو پشتڕاست دەکەنەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە کە خوێی زیادە دەتوانێت چینە پارێزەرەکەی ناو گەدە بشێوێنێت و دەبێتە هۆی تێکچوونی شانەکان و گۆڕانکاریی شێرپەنجەیی.
هەروەک توێژینەوەکە جەختی لەوەکردۆتەوە کە ئەم ئەنجامانە تەنانەت دوای دەرکردنی گۆڕاوەکانی دیکەی وەک تەمەن، باری هاوسەرگیریی، خواردنەوەی کحول و جگەرەکێشان بە ڕاستی ماونەتەوە.
سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، سێلما کرۆنشتاینەر-جیسێڤیچ، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی خوێ و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی هۆشیاریی زیاتر و هەڵمەتەکانی خۆپاراستن.
و: ئاکۆ ئاڵی