نێردەی شوێنەواریی میسری کە سەر بە ئەنجومەنی باڵای شوێنەواری میسرە، سەرکەوتوو بوو لە دۆزینەوەی یەکەم و گەورەترین ڕوانگەی فەلەکناسیی کە لە خشتی قوڕ دروستکراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین، لە پەرستگای بوتۆ لە ناوچەی تەل فەراعین لە پارێزگای کفر ئەلشێخی وڵاتی میسر.
ئەم دۆزینەوە هێندە بە گرنگ دادەنرێت، کە دکتۆر ئەیمەن عەشماوی، بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە ئەنجومەنی باڵای شوێنەواری میسر، بە "گەورەترین ڕوانگەی فەلەکناسی کە لەم قۆناغە زەمەنییەدا دۆزراوەتەوە" وەسفی کردووە.
ڕوانگەکە ڕووبەرەکەی نزیکەی 850 مەتر چوارگۆشەیە، و دەکەوێتە گۆشەی باشووری ڕۆژئاوای ناوچەی پەرستگاکە. دیزاینەکەی بەوەجیادەکرێتەوە کە دەروازەیەکی چوونە ژوورەوە لە ڕۆژهەڵاتەوە هەیە ، هەروەک هۆڵێکی ستوونی کراوە لە شێوەی پیتی “L”، لە پێشەوەی دیوارێکی گەورەی خشتی قوڕ کە دیزاینەکەی لە شێوازی پایلۆنی میسری دەچێت.
نێردەکە هەروەک کاتژمێرێکی خۆری بەردیی دۆزیوەتەوە کە بە یەکێک لە دیارترین ئامرازەکانی پێوانەکردنی کات دادەنرێت لە سەردەمی کۆن، جگە لە پەیکەر و پارچەی گڵین و کەرەستەی جۆراوجۆری پێوانە.
لە نێو ئەو کەرەستانەدا پەیکەرێکی گرانیتی خۆڵەمێشی هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی “واح ئیب ڕع” لە شانشینی بیست و شەشەم، پەیکەرێکی برۆنزی ئۆسیریس و مەنگوز و پەیکەرێکی تێراکۆتای خوداوەند بێس.
ئەم دۆزینەوە نوێیە گوزارشت لە گرنگی پێگەی شوێنەواریی ناوچەی تەل فەراعین و ڕۆڵی سەرەکیی دەکات لە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە شارستانیەتی میسری کۆن، بەتایبەتیی سەبارەت بە ڕێورەسمە ئایینی و فەلەکناسیەکانی ئەو سەردەمە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی