سهردار عهزیز
چەمکی فیودال وەک زۆر چەمکی تری ڕۆژئاوایی لە ڕێگای کۆمیونستەکانەوە هاتوەتە ناو دونیای کوردی. شێوازی مامەڵەی کۆمیونیستەکان لە گەڵ چەمکەکاندا هەرگیز زانستی نەبوە، بەڵکو وەک وەسف و زڕاندن بەکاریانهێناوە. من لێرەدا فیوداڵ وەک خەسڵەتێکی زانستی بەکاردەبەم.
فیوداڵ چەمکێکە لە سەدەی حەڤدە لە لایەن مێژونوسان و لێکۆڵەرەوانەوە داڕێژرا بۆ وەسفکردنی کۆمەڵێک خەسڵەتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە سەدەی نۆ و دەی ئەوروپا.
ئەو خەسڵەتانەی کە ئەم مۆدێلە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە بە سودن بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاریی کەسە سیاسییەکانی دونیای ئەمڕۆی ئێمە.
فیوداڵ سیستەمێکی پلەبەندی دابەشکراوە کە دەسەڵاتی ناوەند ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر دەسەڵاتە لۆکاڵەکان هەتا هاوکاریی بکەن لەو بارەوە.
Vassalage خەسڵەتی سەرەکی فیوداڵە بەو مانایە کە کوێخا خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە لە پانتایی خۆیدا.
دەوترێت کاتێک موسوڵمانەکان هێرشیان کردە سەر ئەوروپا ئەم سیستەمە گەشەی کرد، بەوەی پادشای فەرەنسا توانای بەرگریی نەبوو، بۆیە زەوی دەدا بە کەسایەتییە لۆکاڵییەکان هەتا خەڵکی بۆ کۆبکەنەوە بۆ شەڕ.
لەم ڕوەوە فیوداڵ سیستەمێکە بە پێچەوانەی سیستەمی ناوەندی دەوڵەت بە تایبەتی دەوڵەتی نەتەوە، سیستەمێکی دیڤۆڵڤە، یان ناناوەندییە. هەروەها کەسایەتیە لۆکاڵەکان پانتایی و خەڵک و داهات و سیستەمی خۆیان هەیە لە پەیوەندی بە ناوەندەوە. بۆیە خەسڵەتی فیوداڵ بونی قەڵا و زەوی و جوتیار و مزیر و پیاو و شەڕکەرە.
بونی شوێنی تایبەت و گرد و قەڵا و ماڵی گەورە بۆ سیاسیی و کۆلکە سیاسییەکان لە دونیای ئێمەدا دەرخەریی ئەم خەسڵەتە فیوداڵەیە. فیوداڵ ئامانجی مانەوەی خۆی و پانتاییەکەیەتی. ئامانجی خەڵک و گشت و نیشتمان و نەتەوە و ئەمانە نیە. ئەم ڕەفتارانە بنەمای دونیابینی و عەقڵیش دادەڕێژن، بۆ نمونە کەلتوریی سیاسیی کوردی زۆر لاوازە کە دێتە سەر چەمکە مۆدێرنەکان. بۆ نمونە چەمکی گشت یان پەبلیک بونی نیە. سیاسەت وەک خزمەتی گشتی یان یەکخستنی گوشت بونی نیە، بەڵکو زیاتر خزمەتی خود و ڕەبعەکەیەتی لە بڕی گشت.
فیوداڵی کوردی دەرئەنجامی ئاگایی و ئاگایی بەخود نیە، بەڵکو درێژەپێدەری سیستەمێکی نەپچڕاوی دێرینە. لەبەر نەبونی ئاگایی، بە سیستەمەکە، ئەوا سیستەمەکە بە ئاسانی بە ئگایی ناگۆڕێت، چونکە لای خەڵک پێویست ناکات بیری لێبکەنەوە بەڵکو نۆرماڵ ئاساییە. بۆ نمونە بە خێزانی بونی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا پرۆسەیەکی مەعریفی و ئاگایی و کەلتوری نەبوو، بەڵکو ڕویدا و لای هەموان ئاسایی بوو.