سیسی گەیشتە ئەنقەرە

جیهان

04/09/2024‌ 487 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆك كۆماری میسر لە یەكەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ توركیا لە دوای دەستبەكاربوونی لەپۆستی سەرۆك كۆماری میسر لە2013، لەسەر بانگهێشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، گەیشتە ئەنقەرە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لەگەڵ گەیشتنی سەرۆك كۆماری میسر بۆ فڕۆكەخانە پێشوازی لێ كرد.

سەرۆكی میسر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی: خۆشحاڵییەكی زۆرم بە یەكەم سەردانم بۆ كۆماری توركیا دەردەبڕم، هەروەها دیدارەكەم لەگەڵ سەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە كاتێكدا هەردوو وڵاتی دێرینمان ڕەگێكی قووڵی مێژوویی و پەیوەندییمان هەیە.

سیسی دەشڵێت: ڕەنگە سەردانەكەی ئەمڕۆم، و سەردانەكەی  سەرۆكی توركیا ئەردۆغان بۆ قاهیرە، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هاوبەش بێت بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی دۆستایەتی و هاوكاری نێوان میسر و توركیا، لەسەر بنەمای ڕۆڵی سەرەكییان لە ناوچەكە و ژینگەی نێودەوڵەتی، و بە شێوەیەك كە لەگەڵ ئامانج و خواستەكانی دوو وڵاتدا بگونجێت.

بڕیارە لەم سەردانەدا چەندین كۆبوونەوە و رێككەوتن لەنێوان دوو وڵاتدا بكرێن.