بڕیارێكى نوێ له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دراو گۆڕانكاریى كرا

کوردستان

05/09/2024‌ 19889 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا له‌بڕیارێكى نوێدا ڕایگه‌یاند، "هەر کانتۆنێک دەتوانێت هەڵبژاردنی خۆی ئەنجامبدات کاتێک کات‌و بارودۆخەکەی گونجاوبێت".


هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان دواى دوجار دواخستنى، بڕیاربوو لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەمانگی ئابی ئەمساڵ ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام ئه‌نجامنه‌دراو كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش بڕیارێكى نوێى ده‌ركردو ده‌سه‌ڵات به‌كانتۆن‌و ناوچه‌ جیاوازه‌كان ده‌دات بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌.

له‌نوسراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ى پارێزگاو كانتۆن‌و ناوچه‌ جیاوازه‌كانى كردوه‌، كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌هه‌رێمى باكورو ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا بڕیارێكى نوێى له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ركرد.

له‌و بڕیاره‌دا هاتوه‌، "به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى ئاماده‌كاریى پێویست بۆ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان به‌گوێره‌ى پێویست، كۆمسیۆن ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌ لقه‌كانى خۆى له‌پارێزگاكان‌و كانتۆنه‌كان له‌سه‌رتاسه‌رى باكورو ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان له‌وكاته‌دا كه‌ به‌گونجاوى ده‌زانن به‌گوێره‌ى بارودۆخى هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان".

به‌گوێره‌ى بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌، هه‌ر پارێزگاو كانتۆنێك كاتى هه‌ڵبژاردن به‌گونجاو ده‌زانێت، ده‌توانێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدات‌و حكومه‌تى خۆجێى خۆى پێكبهێنێت.

ڕۆژى 6ى 6ى 2024، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایکرد،  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ دواخراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدابوو، بڕیاربوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکان لەڕۆژی 11ی 6ى 2024 ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەمریکا پشتگیریی ئەو هەڵبژاردنەی نەکردو هاوکات تورکیاش هەڕەشەکانی دژی ڕۆژئاوای کوردستان زیادکرد.

لەدوای دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یەکەمجارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدرێت، هاوکات زیاتر لەسێ ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانیان لەهەڵبژاردنەکەدا هەیە.

پێشتریش ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشوی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت"ی سعودیی، سوربونی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئاشکراکردو جەختی لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە سەرەڕای هەڵکشانی ئاستی هەڕەشەکانی تورکیا، کە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێی دژ بەڕۆژئاوای کوردستان کردوە ئەگەربێت‌و هەڵبژاردن لەناوچەکەدا بەڕێوەبچێت.

به‌وته‌ى هاوسەرۆکی پێشوی پەیەدە، ئەمریکییەکان پەیامێکی زارەکییان بەکوردانی ڕۆژئاواى كوردستان گەیاندوە بەوەی پەلەیان کردوە لەڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەکان‌و ڕونیشیکردوه‌تەوە، کاردانەوەکانی تورکیا کە بە"ئیستفزاز" کەرانە بون، بەڵام حکومەتی دیمەشق بێدەنگی لێکردوە.

پێشتریش یه‌شار گوله‌ر وه‌زیرى به‌رگرى توركیا له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان له‌ڕۆژئاواى كوردستان هاته‌ده‌نگ‌و ڕایگه‌یاند، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ڕاسته‌وخۆ به‌ئه‌مریكاى وتوه‌، ئه‌وان وه‌ك توركیا ڕێگه‌ به‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ناده‌ن له‌باكورى سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) ئه‌نجامبدرێت.

لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئێوارەی ڕابردوو له‌ئه‌نكه‌ره‌ سازیكرد، عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکپارتی په‌یامێكى له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیه‌، بۆیه‌ تورکیا بەهەموو شێوەیەک دژایەتیی پرۆسەکە دەکات، چونكه‌ پێمانوایه‌ ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە هۆکاری دروستبونی پشێویی گەورە لەناوچەکەو زەمینەسازیش بۆ هەڵگیرسانی شەڕی پێکهاتەو مەزهەبی خۆشده‌كات".