بلینكن: گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتن كه‌مى ماوه‌

جیهان

07/09/2024‌ 1872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گەیشتن بەڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل‌و سعودییە هێشتا ئەگەری هەیە پێش کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بێت.


بلینکن ئاماژەی بەوەشدا، ڕێککەوتنەکە سەرەتا پێویستی بەئاگربەست لەغەززە دەبێت، جگە لەڕەزامەندی ئیسرائیل بۆ ڕێگەیەکی باوەڕپێکراو بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، ئەویش بەپێداگریی سعودییەو بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلش  بەیەکجاری ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

بلینکن دەڵێت:"ئەم بابەتە کارێکی زۆری دەوێت، بەڵام ئیسرائیل‌و سعودییە سەلماندویانە کە ئارەزوی ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەکەن".

به‌وته‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، "پێموایە ئەگەر بتوانین بەئاگربەست لەغەززە بگەین، هێشتا دەرفەتێک دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لەژێر ئەم ئیدارەیەدا ئاساییکردنەوەکان بەرەو پێش بچن".

بلینکن جه‌حتیكرده‌وه‌، "نزیکەی 90%ی ئاگربەست لەغەززە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، بەڵام پرسگەلێکی زۆر گرنگ هەن کە هێشتا هەڵپەسێردراون، لەوانە پرسی بەناو میحوەری فیلادلفیا لەکۆتایی باشوری کەرتی غەززە لەسەر سنور لەگەڵ میسر، بەوەش واشنتۆن لەچەند ڕۆژی داهاتودا بیرۆکەی زیاتر دەخاتەسەر مێزی دانوستان".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "پێشبینیدەکەم لەڕۆژانی داهاتودا بگەین بەچۆنیەتی چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرسێ لایەن ئیسرائیل‌و (قەتەرو میسر) بەحەماس".

لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەتۆڕی فۆکسی وتوه‌، "تاوه‌كو ئێران لەهەوڵی پڕ چەککردنی غەززەبێت، نزیک نین لەدانوستانەکان، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بگەین بەڕێککەوتن".

ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزوتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردەسەر ئیسرائیل، لەهێرشەکەدا زیاتر لەهەزارو 400 ئیسرائیلی کوژران‌و سەدانی دیکەش برینداربون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ركران.