پێویستە لەو هەڵوێستە تاکتیکیانەی کە "یان هەموو ، یان هیچ" بە بنەما دەگرێت و تا ڕۆژی ئەمڕۆمان تێیکەوتبوون دووربکەونەوە ، بە مانایەکی تر تا دوایی لە ڕێگای شۆڕش یاخود شەڕەوە ، یان پێچەوانەکەی کە لە هەڵوێستی حەزرەتی عیسا دا هەیە و دەبێت تا دوایی با هەر بە ئاشتی بێت ، ئەمانە هەڵوێستی باون و بەرامبەر بە دیاردەی دەسەڵات سەرکەوتوو و بەکاریگەر نابن .
پێویستە بەرخۆدان ، یاخیبوون و خەباتی ئاواکردن ببت بە شێوەیەکی ژیانکردن و دەستپێشخەری ئازادی لەدەستدا بێت ، بەمشێوەیە لە کات و شوێنی خۆیدا ڕێکەوتن لەگەڵ تەواوی هێزەکانی سیستەمدا، پەیڕەوێکە کە دەسکەوتی زیاتری دەبێت و پێشکەوتنی زیاتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت . بەڵام پێویستە دووبارەی بکەمەوە ، بە مەرجێک بزانین کە شارستانێتی دیموکراتی ناسنامەمانە ، دەتوانێت ڕێکەوتن ئەنجام بدات بەڵام هەرگیز لەناو شارستانیەتی دەوڵەتیدا ناتوێتەوە و خۆی ون ناکات ، هەروەها پێویستە بزانین بنیادی بنێین و بیپاریزین !
ئەم نوسینەی ڕێبەر ئاپۆ کە لە بەرگی دووەمی " شارستانیەتی سەرمایەداری" لە کتێبی مانیفێستۆی دیموکراتی دا هاتووە کە خودی کتێبەکە لە پێنج بەرگ پێکهاتووەو لەساڵی 2008دا نوسراوە، تێیدا چوارچێوەو مەرجەکانی چۆنیەتی ژیانی هاوبەش لەنێوان کۆمەڵگای دیموکراتو دەوڵەت یاریدەکات. هەموو ئەو بانگەواز، لێدوانو هەنگاوانەی ماوەی ساڵێکە لەچوارچێوەی پڕۆسەی "کۆمەڵگای ئاشتیو دیموکرات "دا دەستیپێکردووە، لەبنەڕەتدا لەسەر بنەمای ئەم تیۆرییە دامەزراوە.
ئاستی تێگەیشتنو لێکدانەوەی دروست بۆ ئەم وتانەی سەرەوە وادەکات بەشێوەیەکی باشتر تێبگەین لەچەمکی " چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای یاسایی "و "یەکگرتنەوەی دیموکراتی " کە لەئێستا لەڕۆژەڤدایە.
ڕێبەر ئاپۆ لەکاتی پێناسەکردنی ئاشتبوونە و پێکەوە ژیانی قەوارەکان بەشێوەی نەتەوەی کورد-تورک هەڵیناسەنگێنێت ، بەڵکو لە جیاتی ئەوە وەک "نەتەوەی دیموکرات "و "دەوڵەت" پێناسەی کردووە. ئەم جیاوازییە گرنگە چونکە کێشە لەنێوان نەتەوەی کوردو تورکدا نییە، بەڵکو کێشە ئەو شەڕەیە کە دەوڵەت لەدژی نەتەوەی دیموکراتیک بەڕێوەیدەبات.
هەر جۆرە پێناسەو دەربڕینێکی جیاوازتر لەمە لەگەڵ کۆمەڵناسی کۆمەڵگای مێژووییدا ناگونجێت، چونکە لەبنەڕەتدا گەلان برانو هەزاران ساڵە لەپراکتیکی نەتەوەی کورد-تورک دا ئەمە بەدیاردەکەوێت.
ناساندنی ئەم دوو نەتەوەیە وەک دژبەری یەکتر و و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەسەر ئەم بنەمایە ، هەروەک چۆن بۆ ئەو کوردە " یەهودنراتیزەکراو" و بەکرێکیراوەکانی دەولەت ناتوانرێت ڕوون بکرێتەوە ، بە هەمان شێوە ناشێت بۆ چینی هەژار و کرێکاری تورک و ئەوانەی خاوەن بیروباوەڕی جیاوازن ڕوون بکرێتەوە . هەربۆیەش کێشەکە پێکەوە ژیانی نێوان کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و دەوڵەتە .
کۆمەڵگای دیموکراتی ، باخچەی گەلان و بیروباوەڕەکانە کە لە هاوئاهەنگی و یەکڕیزییەکی تەواودان و دەریایەکە لە جیاوازی و هەمەچەشنی . لە بارودۆخی ئێستای تورکیادا ، کۆمەڵگای کوردی کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای دیموکراتی لەژێر چنگی جینۆساید دا دەناڵێنێت . مەحاڵە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد پێکهاتەکانی تر بتوانن بە ئازادی هەناسە هەڵکێشن ، هەربۆیەش بەر لە هەموو شتێک کێشەی "کۆمەڵگایەکی دیموکرات"و "دەوڵەت" پێویستی بەچارەسەرکردنی کێشەی کورد هەیە.
هەر بەم هۆیەشەوە پڕۆسەی "کۆمەڵگای ئاشتیو دیموکرات" وەک ستراتیژییەکی دوو پایە ڕاگەیەندراوە، کە پایەی یەکەمی بریتییە لە: ئاشتیو قبوڵکردنی هەبوونی یەکتریو سازشکردن لەپێناو کۆتاییهێنان بەشەڕ، کە ئەمەش پێویستە بخرێتە ژێر دەستەبەرکردنی متمانەو گەرەنتی یاسایی. پایەی دووەم بریتییە لە: پێکەوەژیانی کۆمەڵگای دیموکراتیو دەوڵەت لەسەربنەمای ڕێکەوتنی دوو لایەنە لەزەمینی یاساییدا.
لە هەردوو حاڵەتدا گرنگترین جێبەجێکردنی ستراتیژیکی ئەم قۆناغە دەستەبەرکردنی زەمینی یاساییە . لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ڕێبەر ئاپۆ باس لە دەستەواژەی "یاسای گشتگیر " دەکات هەربۆیەش یاساکانی ئازادی و یاساکانی یەکگرتن کە لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە پێوستن .
لەپێناو تێگەیشتنێکی دروست لە ڕۆحی ئەم قۆناغە نوێیە پێویستە ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگیردرێت کە ئەم دوو ڕەهەندە گرێدراوی یەکتری بەڕێوەدەچن . لەلایەک ڕاستی ئەو شەڕەی کە بۆ ماوەی ٤١ ساڵ بەردەوامی هەبووە و کۆتایی پێهاتنی لەسەر بنەمای ئاشتی ، لەلایەکی تریشەوە پێکەوە ژیانی کۆمەڵگایەکی دیموکرات و دەوڵەت لەئارادایە . لەهەمان کاتدا ئەمە پڕۆسەی خەباتکردنە ، لەلایەکەوە پێویستی بە ڕێکخستن و بەهیزکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی هەیە لە هەمان کاتیشدا دواکارە دەوڵەت بخرێتە حاڵەتێکەوە کە وەڵامدەرەوەی دیموکراسی بێت .یاسا ڕۆڵێکی چارەنوسساز دەگێڕێت لەدەستەبەرکردنی هەمیشەیی و ئاسایشی دەستکەوتەکانی ئەم خەباتە .
باشە کەواتە لەو چوارچێوە کورتەی کە لەسەرەوە باسمان کردووە پێویستە لە زەمینی یاساییدا چ شتێک ئەنجام بدریت ؟
دوابەدوای پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە لەبەرواری : 9ی تەمموزی 2025دا بڵاوکرایەوەو هەروەها مەراسیمی سوتاندنی چەک کە لەبەرواری : 11 تەمموزی 2025دا لەئەشکەتی جاسەنە بەڕێوەچوو، ڕێگا بۆ ڕێکارە یاساییەکان تا کۆتایی و بە بەرفراوانی کراوەتەوە . هەموو ئەو بیانووانەی کە ساڵانێکە خراونەتەڕوو بەشێوەیەکی ڕوون ئاشکرا بنبڕاکراون ، یەکێک لە لایەنەکانی شەڕ کە پەکەکەیە لە پێناو ئاشتی دا هەنگاوی پێویستی ناوە . لەمەودوا ئەو هەنگاوەی کە چاوەڕێ دەکرێت هەرچەندە لە ڕێگای یاساوە دروست نەبووە بەڵام کۆمیسیۆنێک کە لەژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا (پەرلەمان) پێکهێنراوە ، مەرجە یاساییەکانی ئاشتی دیاریبکات و پێشکەشی پەڕڵەمانی بکات لەپێناو دەرکردنی یاسای نوێ.
هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر پرسی ئاشتی وەک بێ چەککردنی پەکەکە و ڕێگەدان بە تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگا بەشێوەیەکی بەرتەسک لێکدانەوەی بۆ بکرێت و سەیر بکرێت .
ڕێبەر ئاپۆ کاتێک داوای کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری کرد ، ڕایگەیاند کە ئەو تێبینییەی کلۆزێڤیتزی تێپەڕاندووە کە دەڵێت : جەنگ بەردەوامبوونی سیاسەتە، بەڵام بەڕێگایەکی دیکە، بەمشێوەیەش لەڕێگەی جیاکردنەوەی سیاسەتو شەڕ لەیەکتری ڕۆڵێکی ستراتیژیترو سەربەخۆتری بۆ دانا.
هەربۆیەش یەکەم هەنگاو بۆ دامەزراندنی ئاشتی بەگوێرەی ئەم واقیعە ڕێگەخۆشکردنە بۆ سیاسەتکردن، هەرکات ڕێڕەوی سیاسەتی دیموکراتیک کرایەوە، شەڕ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیک وەلاوەدەنرێت، ئەوەی کە پێویستە بۆ ئەندامانی پەکەکە ئەنجامبدرێت ڕاستەوخۆ بەشداریکردنیانە لەسیاسەتدا لە چوارچێوەیەکی یاساییدا.
باسکردنی سەپاندنی سزای کەمتر یاخود نەسەپاندنی سزا ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و زمانی باوی دەسەڵاتە . ئەمەش نزیکایەتییەکی لوتبەرزانەیە وەک ئەوەی چاکەیان دەرحەق بکرێت . نزیکایەتی لەم شێوەیە یەکێکە لە بەربەستە بنەڕەتییەکانی بەردەم یەکسانی و برایەتی گەلان .هەربۆیەش دروستبوونی گۆڕانکاری و گۆڕینی ئەم نزیکایەتییە یەکێکە لە هەنگاوە پێویستەکانی ئەم پڕۆسەیە .
پرسی ئاشتی سنورداری کۆمەڵە هێزێکی دیاریکراوی پەکەکە نییە، عەقڵییەتی دەوڵەت کە پرسی کورد لەچوارچێوەی "تیرۆر"دا دەبینێت، لەماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا میلیۆنان کەسی لەژێر ناوی تیرۆر خستووەتە ژێر گوشار، زوڵم، چەوساندنەوە، دادگاییکردوونو سزای بەسەرداسەپاندوون.
بەڕادەیەک کە هیچ کوردێک نەماوە کە لەبەردەم دەرگای دادگاکان خۆی نەدۆزیبێتەوەو کوردێک کە هیچکات دەستبەسەرنەکرابێت وەک ئیستسنا (نەبینراو) سەیرکراوە. هەر بەم هۆیەشەوە هەزاران کەس مافی پەنابەرییان پێشکەش بەوڵاتانی تر کردووە، بۆیە سەرەتا پێویستە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" هەڵبوەشێنرێتەوە، هەموو ئەوکەسانەی کە لەچوارچێوەی ئەم یاسایەدا دادگاییکراونو سزایان بەسەردا سەپێنراوە، سزاکانیان هەڵبوەشێنرێتەوەو زەمینەسازی بۆ سیاسەتی دیموکراتی ئازادو بێبەربەست دابنرێت بەبێ بوونی هەڕەشەی دووبارە دادگاییکردنەوەو سزادان.
لەپێناو کردنەوەی ڕێرەوی سیاسەتی دیموکراتی پێویستە بەربەستەکانی بەردەم ئازادی کۆمەڵ و ڕادەبڕین نەمێنێت ، لەهەمان کاتیشدا پێویستە زنجیرە یاسایەک تایبەت بە " یاسای پارتە سیاسییەکان" ، "یاسای هەڵبژاردن" و" یاسای گردبوونەوە و خۆپیشاندان" هەموار بکرێتەوە . هەربۆیەش ئەو خۆگرتنەوانەی کە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان سەپێندراون پێویستە نەمێنێت ، جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارانەی کە لەماوەی پێشووتردا لەلایەن دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە دەرکراون دەتوانێت زەمینێکی گرنگ بۆ ئەمە دروست بکات، بەڵام پێویستە دان بەوە دابنرێت کە هەر کێشەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیەو پێویستە ڕێبازی چارەسەری یەکگرتوو جێبەجێبکردرێت، واتا لەچوارچێوەی ئەم یاسایانەدا سنوردار نەکرێت.
ئەگەر ئەم خاڵانە جێبەجێبکرێت ئەوا شەڕ شوێنی خۆی بۆ سیاسەتو گفتوگۆ واڵا دەکات. ئەمە ڕاستییە ئەو گفتۆگۆیانەی لەکۆمسیۆندا ئەنجامدەدرێن چوارچێوەیەکی بەرتەسکیان هەیە، دەبینین کە کۆمسیۆن خۆی بەبابەتێکو کاتێکی دیاریکراوەوە سنوردارکردووە، هەرگیز باسی لەیاسای "یەکگرتنی دیموکراتی" نەکردووە کە یەکگرتنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی لەگەڵ دەوڵەتدا مسۆگەر دەکات، لەکاتێکدا قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە ئەم بابەتە لەخۆدەگرێت.
چۆن پێکەوەژیانی گەلان دروست دەکرێت ؟ یەکگرتنەوە بە چ شێوەیەک دروست دەبێت ؟ لەپێناو بەدیهاتنی یەکگرتنی نەتەوەی دیموکرات کۆماری تورکیا بە چ شێوەیەک دیموکراتیک دەبێت ؟ ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە بە هەماهەنگی و هاوکات لەگەڵ هەنگاوە یاساییەکانی سەبارەت بە " پرسی ئاشتی" ئەنجام نەدرێن ، ئەوا بێگومان پڕۆسەی چارەسەری دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە .
پێکەوەژیانی نێوان "کۆمەڵگای دیموکرات " و"دەوڵەت" لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی بنەڕەتیدا کرداری بوونی قۆناغی دووەمی یەکگرتنی دیموکراتیک ە .
ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەڕوونی لەم بوارەوە دەدوێت و دەڵێت : ئەگەر کۆمار دیموکراتیزە نەکرێت ئەوا یەکگرتنی دیموکراتیک دروست نابێت ، چونکە یەکگرتن بە کۆمارێکی فاشیست بەدینایەت . هەربۆیەش هاوتای سیاسەتێکی دیموکرات بریتییە لە کۆمارێکی دیموکرات ، بەم شێوەیە یەکگرتن وتێکەڵ بوون دروست دەبێت . ئەمە خاڵیکی گرنگە و ئامانجی ئێمە بەدیدەهێنێت ، بۆیە پێویستە ئامانجی ئەو هەنگاوانەی کە لەچوارچێوەی ئەم ڕەهەندەدا جێبەجێ دەکرێن دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا بێت . هەرچەندە ئێمە ئەم دوو ڕەهەندە بە شێوەی جیاواز لەبەرچاو بگرین بەڵام پێویستە ئەم پڕۆسەیە وەک پڕۆسەیەکی یەکپارچەو یەکخراو سەیر بکرێت و بەڕێوەببرێت (جێبەجێ بکرێت) .
مەرجە لەجێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکاندا ئەم یەکپارچەییە لەبەرچاو بگیردرێت، مەبەست لەیاسای گشتگیر ئەمەیە:
یەکەم هەنگاو لەچوارچێوەی یەکگرتنی دیموکراتیک دا ڕووبەڕووبونەوەیە لەگەڵ عەقڵییەتی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا ، واتا ، عەقڵییەتی دەوڵەت نەتەوە . کۆمار لەسەر بنەمای تاکگەرایی بنیادنراوە ، هەموو ناسنامەکانی تری پشتگوێ خستووە و دواتریش هەوڵی داوە بە هەموو شێوە و ڕێبازێک لەناویان ببات.
بۆ ئەوەی یەکگرتن دروست ببێت پێویستە دان بەبوونی پێکهاتەکانی تردا بنرێت، دیسانەوە پێویستە بەیەکسانی پەیوەندیی لەنێوان ئەو پیکهاتانەدا دروست بکرێت کە دان بە بوونیان دادەنرێت .دەستوری کۆماری تورکیا لە ساڵی 1921دا کە زۆرجار باسی لێوە دەکرێت، لەسەرجەم ئەو یاسایانەی دەرکراون پەسەندترو باشترە.
هەرچەندە ڕەنگە توانای چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نەبێت بەڵام بەلایەنی کەمەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆمار لەسەر بنەمای یەکگرتوویی و فرە چەشنی دامەزراوە . بەهەمان شێوە ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە ئەنجام بدرێت هەروەک چۆن لە دەستوری ساڵی 1921دا هاتووە، قبوڵکردنی فرەچەشنی پێکهاتەکانی تورکیایەو دان پێدانانییەتی لەدەقی دەستوریدا.
هەر لەم چوارچێوەیەشدا گرنگترین هەنگاوی یاسایی بریتییە لە پێناسەکردنی "هاوڵاتیبوون" بە شێوەیەکی بەرفراوان بەجۆڕێک کە هەمەچەشنی لەخۆ بگرێت . یەکگرتنی دیموکراتیک ئاماژەیە بۆ "یاسای برایەتی" چەمكیک کە ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتی کۆمەڵایەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە . یاسای برایەتی لەسەر بنەمای جیاوازی نێوان خوشک و براکانە و قبوڵکردنی ئەو جیاوازییانە و دابەشکردنی پشکەکانیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانەیە ، ئەمە فۆرمی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە . جگە لەمەش پێویستە خوشک و براکان لە هەموو کاتێکدا یەکسان بن. پێویستە هەموو خوشک و برایەک چ شتێکیان دەوێت بۆخۆیان خوازیاری هەمان شتیش بن بۆ خوشک و براکانی تریان .هاوتای ئەم دەستەواژەیە لە یاسای هاوچەرخ دا بریتییە لەیەکسانی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی دەستوری.
لەچوارچێوەی زەمینەی یاسایی یەکسانی هاوڵاتی دا پێویستە هەموو کەسێک دەرفەتی ژیان، پەرەپێدان و پاراستنی زمان و کلتوری خۆی هەبێت .لەم چوارچێوەیەشدا دووەم هەنگاوی پێویست کە پێویستە بنرێت داننانە بە مافی زمانی دایکی . پێویستە لەسەر بنەمای یەکگرتنی دیموکراتیک دا ، پرسەکانی وەک ئەوەی کە ئایا زمانی دایکی دەبێتە زمانی فەرمی یاخود نا ، بنەمای یاسایی بۆ بەکارهێنانی زمانی دایکی لە ناوچەکان دا لە بە چ شێوەیەک دەبێت ، پەروەردە بە زمانی دایکی لە کوێ و بە چ شێوەیەک دەبێت ڕوونبکرێتەوە . پێویستە هەروەک چۆن لە هەموو پڕۆسەیەکی یەکگرتن دا دەرفەتی ئەرێنی دەبەخشرێت بە ئامانجی یارمەتیدان و گەشەسەندنی ئەو کەسانەی کە لە دۆخێکی نا یەکساندان . واتا نەک هەر تەنها بەکارهێنانی زمانی کوردی ئازادانە بێت ، بەڵکو بەشێوەیەکی ئەرێنی لە بواری پەروەردە و فێرکردن دا هانبدرێت و هەڵاواردە بکرێت.
کاتێک ئەم هەنگاوانە کرداری بکرێت ئەوا کۆماری تورکیا تاڕادەیەکی زۆر دیموکراتیزە دەبێت، بەمشێوەیەش بەڕووی فرەچەشتنیدا کراوە دەبێت، بەڵام دیموکراتیککردنی کۆمار پەیوەستە بەدانپێدانانی فرەچەشنیو ڕزگاربوونی لەپێکهاتەی ناوەندگەرایی، پێکهاتە ناوەندگەراکان بەهۆی سروشتەکەیانەوە داخراون بەڕووی فرە چەشنیداو زیاتر تاکگەران.
هەربۆیەش بەهێزکردنی بەڕێوبەرایەتییە خۆجەییەکان وادەکات ،ئەم پێکهاتە ناوەندی و تاکگەرایە کراوەبێت بەڕووی دیموکراسییەت دا . بۆ ئەم بابەتەش " میساقی ئەوروپی بە مەرجی خۆبەڕێوەبەری خۆجەیی " لە چوارچێوەیەکی گشتگیرانەدا پێشکەش دەکات . تورکیا خۆی گرتووەتەوە لە جێبەجێ کردنی گرنگترین ماددەکانی ئەم یاسایە . ئەگەر ئەم خۆگرتنەوەیە لاببرێت بێگومان پشوویەک دروست دەبێت . بەڵام ئەم یاسایە فۆرمەکانی دەسەڵاتی مایکرۆ و میکرۆ ناگرێتەوە کە لەلایەن دیموکراسییەوە بەدەردەکرێن .واتا تەنها دەرفەتێک بۆ هێزەکانی کۆمەڵگای دیموکراتیک لەسەر بنەمای دیموکراسی ناوخۆیی دەڕەخسێنێت .
لەڕاستیدا هەروەک چۆن لەدەستوری ساڵی 1921دا هاتووە دەکرێت پرۆژەی یاسای چاکسازی کورد کە خۆی لە 18 ماددەدا دەبینێتەوە وەک بنەمایەک بۆ ئەم بابەتە وەربگیردرێت، ئەم پڕۆژە یاساییەی کە باسمان کرد کە تایبەتە بەچاکسازی کورد، وەک بەشێکی زۆر لەبەڵگەنامەکانی مێژووی کۆماری لەئەرشیڤی دەوڵەتدا وون بووە، بەڵام لەئێستادا بەتەواوەتی دۆزراوەتەوەو چاپکراون.
ناونیشانی پڕۆژە یاساکە بریتی بوو لە " ئۆتۆنۆمی کوردستان " کە لەبەرواری : 10 شوباتی ساڵی 1922دا لەئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا (پەڕلەمان) گفتوگۆو مشتومڕی لەسەرکرا، بەزۆرینەی 373 دەنگی بەڵێو 64 دەنگی نەخێر پڕۆژەیاساکە پەسەندکرا. ئەم پڕۆژەیاسایە ئۆتۆنۆمییەکی فراوان دەدات بەبەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان.
پێویستە هەروەک چۆن لەزمانی بونەوەرێک تێدەگەین هەروا لەعەقڵو خەستەی تێبگەین. بەڕێوەبردنی هەر بوونەروەرێک لەڕێگەی مێشکەوە ئەنجامدەدرێت، خۆبەڕێوەبەری مەرجی سەرەکی یەکگرتنە.
ئەگەر لەچوارچێوەی ئەو هێڵکارییەی کە دیاریمانکردووە دەستور هەمواربکرێتەوە ئەوا کۆمار سیمای دیموکراتیک بەدەستدەهێنێتو بەمشێوەیەش یەکگرتنی دیموکراتی دێتەدی.
یەکگرتن قۆناغێکە ، قۆناغێک کە تێیدا ڕێگا و شێوازەکانی پێکەوە ژیان بە هاوئاهەنگی پەرەدەسێنێت، پڕۆسەیەکە کە تێیدا دابەشبوونەکان تێیدا کەم دەبێتەوە و هاوکات هاوبەشی تێدا زیاد دەبێت .هەربۆیەش گۆڕانکاری زیهنییەت هاوتەریبە لەگەڵ بنەڕەتی ڕۆحی یەکگرتن . پێویستە لە هەموو بوارێکدا گۆڕانکاری دروست ببێت لە بواری پەروەردەوە بگرە تا ڵێکدانەوەی مێژوویی ، لە ڕێکخستنی ئابورییانەوە بگرە ژیانی کۆمەڵایەتی . لەچوارچێوەی یاساییدا پێویستە چاکسازی دادپەروەرانە لەم بابەتەدا دروست ببێت .
ئاشکرایە ئەوکاتو سنورانەی کە کۆمسیۆنى پەڕلەمان بۆخۆی دیاریکردووە تێرکەر نابێت. هەوڵی چارەسەکردنی کێشەک لەم قەبارەیەدا بەوکاتو سنورەی کە کۆمسیۆن دیاریکردووە ڕاستەقینە نابێت، هەربۆیەش نزیکایەتییەکی دڵسۆزانە بەئامانجی یەکگرتنی دیموکراتیکو دیدگای یاسای گشتگیر دەتوانێت ڕاستەقینەترینو شیکاریترین شێوازبێت بۆ ئەم پرۆسەیە.
نوسینی: ڤیان سیروان
وەرگێرانی: کازیوە
