ئه‌مڕۆ هاكان فیدان ده‌گاته‌ به‌غدا

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئه‌مڕۆ یەکشەممە سەردانی عێراق بکات‌و لەگەڵ د.فوئاد حوسێن هاوتا عێراقیه‌كه‌ى کۆببێتەوە.


وەزارەتی دەرەوەی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایكردوه‌، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئه‌مڕۆ یەکشەممە بەسەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغداو دوای کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیش ئه‌نجامده‌درێت.

چاوەڕواندەکرێت هەردولا تاووتوێی گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە بکەن کە لەماوەی ڕابردودا بەدیهاتون لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق‌و تورکیاو ناوچەکە.

ئەو سەردانەی فیدان لەکاتێکدایە، ڕۆژی 26ى مانگى ڕابردوو فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەئەنكەرەی پایتەختی تورکیا، لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوه‌ته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگه‌یاندبوو، لەدیدارەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوه‌و هەردولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاریی‌و هەماهەنگیی هاوبەش کردوه‌ته‌وه‌.

پێش سەردانەکەی فەیاز بۆ ئەنكەرە، ڕۆژی 10ى مانگى ڕابردوش واته‌ 16 ڕۆژ پێش ئه‌و سه‌ردانه‌، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوەوەو دوای کۆبونەوەکە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.