نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەهەوڵەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی، عێراق دوبارە بۆ گۆڕەپانە هەرێمیی‌و نێودەوڵەتییەکان گەڕاوەتەوە، منیش بۆ دوبارە گەورەکردنەوەی عێراق دەستبەکاربوم"، سه‌رچاوه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، یەکێک لەئەرکەکانی نێردەی ترەمپ بۆ عێراق، دورخستنەوەی هەرلایەنێکی نزیک لەئێرانە لەحکومەتی داهاتودا.


مارک ساڤایا نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی ئێکس وێنەیەکی ئاڵای عێراق‌و ئەمریکای بڵاوکردوەتەوەو نوسیویەتی، "بەهۆی سەرکردایەتی دانایانەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە، عێراق بۆ گۆڕەپانەکە گەڕایەوەو منیش ئێستا لەسەر کارەکەمم، با دوبارەو سەرلەنوێ عێراق گەورە بکەینەوە".

چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، یەکێک لەئەرکەکانی مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، دورخستنەوەی هەرلایەنێکی نزیک لەئێرانە لەحکومەتی داهاتوى عێراقدا، بەتایبەت گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێران.

پێشتر نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ئاماژەی بەوەدابوو، بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق‌و ناوچەکە بەگشتیی بەعێراقێکی خاوەن سەروەری تەواوو بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی زیانبەخش، لەوانەش ئێران‌و بریکارەکانی پارێزراو دەبێت.

ئه‌م په‌یامه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى 12 ده‌قه‌یى وه‌زیرى جه‌نگى ئه‌مریكا به‌وه‌زیرى به‌رگریى عێراق‌و دوایین هۆشدارییه‌كانى واشنتۆن بۆ به‌غدا.