شارپرێس:
لەسێی نیسانی ساڵی 2023وە توركیا قەدەغەی گەشتەكانی بۆ سلێمانی دەستپێكرد، دوای چەندجارێك لەدرێژكردنەوەی بڕیار، درەنگانێكی ئەمشەو یەكەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان توركیاو سلێمانیدا دەستپێدەكاتەوە.
ئەمشەو كاتژمێر 10:30 یەكەم فڕۆكە، دوای نزیكە سێ ساڵ بەزیاتر لە160 سەرنشینەوە لەجۆری بۆینگ، لەتوركیاوە دەفڕێتو وەك ئەوەی لەگەشتەكەدا دیاریكراوە كاتژمێر یەكی شەو دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
بەگوێرەی زانیارییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی، هەمان فڕۆكە لەكاتژمێر سێی بەرەبەیانی سبەینێ گەشتێكی پێچەوانە دەكاتو بەژمارەیەك سەرنشینەوە، سلێمانی بەرەو توركیا جێدەهێڵێت.
بەگوێرەی خشتەی فڕینەكان لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئیتر هەموو هەفتەیەك چوار گەشت لەنێوان توركیاو سلێمانیدا دەبێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێشتر بڵاویكردبوەوە، بهگوێرهى ئەو خشتەیەی لەلایەن هێڵی ئاسمانی توركش ئێرلاینەوە بۆ فڕۆكەخانەكە نێردراوە، وابڕیارە ڕۆژی 3ی 11ی ئەمساڵ، گەشتەكانی نێوان ئیستەنبوڵ ـ سلێمانی بەپێچەوانەشەوە دەستپێبكەنەوە.