شارپرێس:
ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشداریدا کە عێراق پێویستی بەبارانبارینێکی زۆرو بەردەوامە بۆ ماوەی زیاتر لەسێ مانگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاو لەڕوبارەکانی دیجلەو فوراتو بەنداوەکان، کە دابەزینێکی مەترسیداریان بەخۆوە بینیوەو نزیکبونەتەوە لەوشکبونەوەی تەواو.
ڕوانگە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دۆسیەی ئاو لەعێراق خراپترین قۆناغی خۆی بەسەر دەبات لەنزیکەی 90 ساڵی ڕابردودا.
ڕونیشیکردوهتەوە، حکومەتی ئێستا بایەخی پێویستی بەم دۆسیە گرنگە نەداوەو خەریکی دۆسیە سیاسییو ئابورییەکانو ململانێ ناوخۆییەکان بوە، ئەمەش بوەتە هۆی زیادبونی قەیرانەکەو فراوانبونی وشکەساڵی بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵاتو باکوری بەغدا، دوای ئەوەی پێشتر لەپارێزگاکانی باشور چڕبوبوەوە.
ڕوانگەكه دەڵێت، "کۆگای ئاو لەوانەیە لەچەند مانگی داهاتودا دابەزێت بۆ کەمتر لە 4٪ لەحاڵەتی دواکەوتنی وەرزی بارانبارین".
ئاماژەی بەوەشداوە، بارانبارینی پچڕپچڕ بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی دابەزینی ئاستی ئاو، مەگەر بارانێکی زۆرو بەردەوام بێت بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کشتوکاڵو بەکاربردن لەهاوینی داهاتودا.
ڕوانگەی عێراقی سەوز جهختیكردوهتهوه، عێراق ڕوبەڕوی قەیرانێکی ئاوی بێوێنە بوەتەوە کە هەڕەشە لەئاسایشی خۆراکو کۆمەڵایەتی دەکات، هەربۆیە داوایکردووە سیاسەتێکی نیشتمانیی گشتگیری ئاو پەسەندبکرێتو دانوستانێکی جدی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئاویی ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی تورکیاو ئێران، بۆ دڵنیابون لەمافە ئاوییەکانی وڵاتو ڕێگریکردن لەهەرەسهێنانی سیستمی ژینگەییو کشتوکاڵی.
