شارپرێس:
لە سەردانێکیدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە بەغدا و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ و جێی بایەخی هەردوو وڵاتیان کردووە.
چاودێران پێیان وایە ڕەنگە ئەم سەردانە ڕێککەوتنێکی ئاوی کاریگەری لێ نەکەوێتەوە، بەڵکو دەکرێت وەکو هەوڵێک بێت بۆ پڕۆژە نوێیەکانی وەبەرهێنانی تورکیا لە عێراق.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاکان فیدان هاوتا تورکییەکەی لە بەغدا ڕایگەیاند، پرسی ئاو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێ کراوە. عێراق و تورکیا 26 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان هەیە.
حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە بەڵگەنامەیەک کە تیایدا باس لە بەڕێوەبردنی ئاو دەکات لەگەڵ تورکیا واژۆ دەکرێت. ڕونیشیکردەوە، عێراق پاڵپشتی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و (پەکەکە) دەکات و هیوای چارەسەرێکە کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات.
لای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی هاریکاری هاوبەشیان لە کەرتی ئاو و بازرگانی لە بەغدا کردووە. دووپاتیشی کردەوە، ئەو ڕێککەوتنەی ئاو کە واژۆ دەکرێت، یەکەم ڕێککەوتنی لەو جۆرەیە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا لە بوارەکانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بە تەواوی پشتیوانی عێراق دەکات و ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کاردەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو هەروەها ئەمڕۆ چەند ڕێککەوتنێک واژۆدەکرێن، کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئاو.
ئ.ە
