گۆتێرێس بۆ عێراقیه‌كان: پیرۆزه‌

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەبۆنەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق، پیرۆزبایی لەگەلی عێراق کردو دەستخۆشی لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق (IHEC)یش کردوه‌ بۆ هەوڵەکانیان لەئامادەکاریی‌و بەڕێوەچونی کاریگەریی پڕۆسەکە.


لەڕاگه‌یه‌نراوێكدا، ئانتۆنیۆ گۆتێرێس پێشوازیی لەبەڕێوەچونی بەگشتیی ئارام‌و ڕێکوپێکی پرۆسه‌ى دەنگدان‌و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ کردوه‌و هیواشیخواستوه‌، لایەنە سیاسییەکان، تا کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، ڕۆحی ئاشتی‌و ڕێزگرتن لەپڕۆسەی هەڵبژاردن بپارێزن.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان جەختی لەسەر گرنگی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەشێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە کە ڕەنگدانەوەی ویستی گەلی عێراق‌و وەڵامدەری ئاواتەکانیان بۆ سەقامگیریی‌و گەشەپێدان بێت.

گۆتێرێس پابەندبونی خۆی بەپشتگیریکردنی عێراق لەدرێژەدان بەپتەوکردنی دەستکەوتە دیموکراسییەکان‌و بەدیهێنانی ئاواتەکانی هەموو عێراقییەکان بۆ داهاتویەکی ئاشتیانەو خۆشگوزەران دوپاتکردەوە.

لەکۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان سوپاسی خۆی بۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) دەربڕی بەبۆنەی نزیکبونەوەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان، هەروەها ئاماژەی بەهاوبەشی درێژخایەنی یونامی لەگەڵ دامەزراوە هەڵبژاردنەکانی عێراق‌و کۆتاییهاتنی زیاتر لەدوو دەیە لەیارمەتییەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکان کرد.