دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی: ئەمریکا ڕێگە بەهێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران نادات

جیهان

54 خولەک پێش ئێستا‌ 108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی بەماڵپەڕی "وای نێت"ی ئیسرائیلی ڕایگەیاندوە کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ل ئاییندەیەکی نزیکدا ڕەزامەندی نادات بە ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران.

 
ئەو دیپلۆماتکارە ئەورووپییە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە ڕەنگە ئەم جۆرە هەنگاوە سەربازییە، پلانی واشنتۆن بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بخاتە مەترسییەکی گەورەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نیگەرانیی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی کارێکی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ماوەی دوازدە مانگی داهاتوودا.

بەپێی قسەکانی ئەو دیپلۆماتکارە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی زۆر نیگەرانە لەوەی کە بەرپرسانی ئێران دەرئەنجامی دروستەکانیان لە ململانێیەکانی پێشوو وەرنەگرتووە".

لە هەمان کاتدا و لە پەیوەندی بە هەمان بابەتەوە، ئەمیر بارام، بەڕێوەبەری گشتیی  وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی کار لەسەر پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای بەرگریی نوێ دەکات بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەر شەڕێکی گریمانکراو داهاتوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

بارام، لە میانی گوتارێکدا لە کۆنفرانسی "تک دیفێنس" لە تەلئەبیب، هۆشداریدا کە "خێرایی پڕچەککردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی بالیستی لای ئێران، کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوانەیەوە هاندراوە، ئەوە دەردەخات کە هەموو بەرەکانی شەڕ کراوە ماونەتەوە، و پێویستە سوپای ئیسرائیل ئامادە بێت بۆ قۆناغی نوێی شەڕکردن".

هەروەک ئەوەشی خستەڕوو کە "دوژمنەکان فێردەبن و خۆیان دەگونجێنن"، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئیسرائیل لە خاڵێکی یەکلاکەرەوەدایە کە شێوازێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی بەدوادا دێت".
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە