ئەمریکا سودانی لەپلانێکی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عێراق ئاگادارکردەوە

عیراق

42 خولەک پێش ئێستا‌ 112 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ماڵپەڕی "تایمز ناو"ی هیندستان ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە بوونی پلانی سەربازی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر عێراق ئاگادارکردووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، باراک دووپاتی کردووەتەوە کە ئیسرائیل دەست دەکات بە ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی عێراق ئەگەر گرووپه عێراقییەکان دەستوەردان بکەن بۆ پشتگیریکردنی حیزبوڵا لەڕووی سەربازییەوە یان لەڕێگەی ئەو پارەیەی کە لە ئێرانەوە بۆیان دێت.

هەروەها جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە تەلئەبیب "گورزی زۆر توند"ی ئامادەکردووە وەک بەشێک لە پلانەکانی شەڕەکەی لەدژی عێراق.

ماڵپەڕەکە بڵاویکردەوە، باراک ئەوەی بە "هۆشداری کۆتایی ئەمریکا" وەسف کردووەو بە سودانی ڕاگەیاندووە، هەر پشتیوانییەکی دارایی بۆ حزبوڵڵا لە ناوخۆی عێراقەوە هێڵی سوورە بۆ ئەمریکا.

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، واشنتۆن ئەمجارە دەستوەردان ناکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئیسرائیل بکات لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەناو خاکی عێراقدا.

ڕاپۆرتەکە زیاتر ڕوونی کردەوە، ئەم هۆشدارییە تەنیا مەبەست لێی ڕێگریکردن نییە لە پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەپاندنی هێڵی سووری ئەمریکا بەسەر حکومەتی عێراقدا بۆ تاقیکردنەوەی پابەندبوون و وەڵامدانەوەی خۆی بۆ داواکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا.

ئەم هۆشدارییە ئەمریکییە لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان، چڕبوونەوەو ئەگەری هەیە لەدوو ڕۆژی داهاتوو ئیسرائیل هێرشی گەورە بۆ سەر لوبنان دەستپێبکات.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند عێراق ڕەوشێکی نوێی هەیە لەدوای لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئ.ح