هاكان فیدان لەبارەی ڕێككەوتنی هەسەدەو سوریاو مەرجی توركیاوە زانیاری گرنگ ئاشكرادەكات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1424 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، دیمەشق و هەسەدە دەتوانن ڕێککەوتن لەنێوان خۆیاندا بکەن، بەڵام مەرجی تورکیا ئەوەیە دەبێت ئەو یەکە و هێزانەی کە دژی تورکیا جەنگاون و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، هەڵبوەشێنرێنەوە.


هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانەی بەشدارییکردنی لەکۆڕبەندی دەوحە، تیشکی خستە سەر پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سوریا ڕایگەیاند، لەم پرسەدا دوو بابەتی سەرەکی هەن؛ یەکەمیان پەیوەستە بەگەرەنتییە ئەمنییەکانی سوریا خۆی، دوەمیشیان پەیوەستە بەوەی تورکیا چی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر وڵاتەکەی.

فیدان ڕونیکردەوە، ئەنقەرە زۆر بەڕونی بەهەسەدەی ڕاگەیاندوە چییان دەوێت، هەروەها دیمەشقیش لەساڵی ڕابردوەوە هەمان کاری کردوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت،" ئێمە دەزانین هەسەدە بەشێک بوە لەپەکەکە و چەند پێکهاتە و لایەنێکیش لەناو هەسەدە دژی تورکیا جەنگاون.

هاکان فیدان جەختیکردەوە کە بۆ ئەوان چەند خاڵێک گرنگەو وتی،" هەموو ئەو هێزو یەکانەی دژی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی تورکیان، دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە.